ماموستایانی زمانی فەرەنسی لە زانکۆیەکی فەرەنسا زمانی کوردیش دەخوێنن

15-02-2016
هەژار ئەرگۆشی
.....
.....
نیشانەکردن فەرەنسا زمانی کوردی
A+ A-

رووداو - فەرەنسا 

 خوێندکارانی بەشی زمانی فەرەنسی لە زانکۆی غوان لە فەرەنسا لەساڵی سێیەمی زانکۆدا ناچاردەکرێن زمانی کوردی بخوێنن، بەپێی پەیڕەو و پرۆگرامی ئەو زانکۆیە خوێندنی زمانی کوردی بۆ ئەوەیە کە مامۆستاکان لە داهاتوودا لە گیروگرفتەکانی فێربوونی زمانێکی بێگانە لەلایەن قوتابییەکانیانەوە تێبگەن و بزانن ئەوان کێشەیان لە چیدا دەبێت.
 
هەڵبژاردنی زمانی کوردی بۆ خوێندکارانی زمانی فەرەنسی بێ مەبەست نەبووە و، ماموستای ئەو خوێندکارانە کە هاوکات سەرۆکی بەشی زمانی هەمان زانکۆشە  هاونیشتیمانیەکی باکووری کوردستانە ئەو دەڵێ " هەڵبژاردنی زمانی کوردی بۆ ئەو خوێندکارانە لەبەر ئەوەیە کە زمانی کوردی و فەرەنسی سەر بە زمانی هیند و ئەوروپین. کوردی و فەرەنسی نزیکەی 100 وشەی هاوبەشیان هەیە بۆ نموونە لێڤ بە بەفەرەنسی دەبێتە لێڤغ، یان ددان کە بەفەرەنسی دەبێتە دان".

 لەو زانکۆیەدا زمانی کوردی بە ئەلفابێتی لاتینی و شێوەزاری کورمانجی سەروو دەخوێنرێت، جگە لە نووسین و خوێندنەوە لەوانەکاندا خوێندکاران راهێنانی زارەکی بۆ گفتوگۆی سەرەتاییشیان پێدەکرێت ئێستا خوێندکارەکان دەتوانن بە کوردی خۆیان بناسێنن.

فابیان یەکێکە لە خوێندکارەکانی کە کوردی دەخوێنێت، ئەو دەڵێ " لەبەرئەوەی کوردی زمانێکی نوێیە بۆ ئێمە فێربوونی زەحمەتە، بەڵام لەلایەکی دیکەوە ئەوەی کە کەمێک زمانەکەی بۆمان ئاسان کردووە ئەوەیە کە لە کوردیدا چۆن دەنووسرێ هەر بەو شێوەیەش دەخوێنرێتەوە". 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە