رووداو دیجیتاڵ
رۆژی یەکشەممە، هێزە ئەمنییەکانی عێراق، بە فەرمانی دادوەر و بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی سەرۆکوەزیرانی عێراق، دەستیان بە هەڵمەتێکی دەستگیرکردن بۆ ژمارەیەک پەرلەمانتار و بەرپرسی پێشوو و فەرمانبەری عێراقی دەرکرد.
بەشێک لەو تۆمەتبارانەی دەستگیرکراون، پەرلەمانتاری خولی شەشەمی پەرلەمان، لەکاتێکدا ئەوان پارێزبەندییان هەیە و پەرلەمان لە پشوودایە، بەڵام وەکو هەر فەرمانبەرێکی تۆمەتبار، بەبێ هەڵاوێر دەستگیرکراون.
پارێزبەندی چییە؟
جۆرە پارێزگارییەکی یاساییە کە بە دەستوور دەدرێتە ئەندامانی پەرلەمان، ئەمەش وەک جۆرێک لە پارێزگاری سیاسی و یاسایی وایە و بە تەواوی لە هەر لێپێچینەوەیەکی دادگە و پۆلیس پەرلەمانتارەکە دەپارێزێت و هیچ بەربەستێک لەبەردەم ئازادییەکانیدا نابێت، ئامانجیش لەم پاراستنەی بۆ ئەوەیە، تاوەکو ئەندامانی پەرلەمان ئەرکە دەستوورییەکانیان لەناو دەسەڵاتی یاسادانان بەبێ ترس جێبەجێ بکەن و لەوپەڕی ئازادیدا بن لە گفتوگۆکردن دا.
چۆن دەستگیرکران؟
لە قۆناخی یەکەمی ئەم ئۆپەراسیۆنەدا لانیکەم 47 کەسایەتی دیار دەستگیرکران کە لە نێوانیاندا چەندین پەرلەمانتار هەن. ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەڵێ، پارێزبەندیی یاسایی لەسەر ئەو پەرلەمانتارانە لادراوە کە تۆمەتبارن بە گەندەڵی.
سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەپێی ئەو دەسەڵاتانەی بەپێی مادەکانی 63 و 7 لە یاسای ئەنجوومەنی نوێنەرانی ژمارە 13ی ساڵی 2018 و مادەی 11 لە یاسای سزادان و مادەی 20 لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان پێی دراوە، بڕیاری لادانی پارێزبەندیی بۆ ئەو پەرلەمانتارانەی دەرکردووە.
بەشێک لەو پەرلەمانتارانەی دەستگیرکراون ئەمانەن:
موسەننا سامەڕایی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی عەزم
عالیە نوسەیف، پەرلەمانتاری ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان
ئەشواق جبووری، پەرلەمانتاری ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان
حەسەن خەفاجی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی دەستپێشخەری
زیاد جەنابی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی دەستپێشخەری
محەممەد کەربوولی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی موتەحیدوون
محەممەد مەیاحی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی خزمەتگوزارییەکان



