رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی کەنەدا سەرکەوتنێکی مێژوویی بەسەر باشووری ئەفریقا بەدەستهێنا و بە گۆڵێکی بێبەرامبەر شکستی پێهێنا، بەوەش بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا گەیشتە قۆناخی 16ـی مۆندیالی 2026.
لە یارییەکی بەهێزدا لە چوارچێوەی یارییەکانی قۆناخی 32ـی مۆندیالی 2026، کەنەدا رووبەڕووی باشووری ئەفریقا بووەوە. یارییەکە تاوەکو خولەکەکانی کۆتایی بە یەکسانبوون بەردەوام بوو، بەڵام لە خولەکی 92ـدا ستێفن ئیستاکیۆ گۆڵی سەرکەوتنی بۆ کەنەدا تۆمارکرد و مێژوویەکی نوێی بۆ وڵاتەکەی نووسییەوە.
کەنەدا شایستەی ئەم سەرکەوتنە بوو، چونکە بە درێژایی یارییەکە باشتر بینرا و هەوڵی زیاتری بۆ گۆڵ تۆمارکردن دەدا. لە بەرامبەردا باشووری ئەفریقا ئاستێکی بێهێزی پێشکێش کرد و نەیتوانی مەترسی راستەقینە لەسەر گۆڵی کەنەدا دروستبکات.
هاتنە ناوەوەی ئەلفۆنسۆ دەیڤیز لە خولەکی 75ـی یارییەکەدا، گۆڕانکارییەکی گەورەی لە ئاستی کەنەدا دروستکرد و گوشارەکانی سەر گۆڵی باشووری ئەفریقای زیاتر کرد. دوای چەندین هەوڵ، دواجار ئیستاکیۆ توانی بە لێدانێکی بەهێز لە ناوچەی سزا، تۆپەکە بخاتە ناو گۆڵی رۆنوین ویلیامز و هاندەرانی وڵاتەکەی تووشی خۆشییەکی بێوێنە بکات.
کەنەدا بەم سەرکەوتنە گەیشتە قۆناخی 16 و لەوێدا رووبەڕووی براوەی یاری نێوان مەغریب یان هۆڵەندا دەبێتەوە.
باشووری ئەفریقا لە یارییەکانی رابردووی مۆندیالدا ئاستێکی باشی لە هێڵی بەرگریدا هەبوو، بەڵام نەبوونی پلانێکی هێرشبەری کاریگەر وایکرد نەتوانێت بەرگەی هێرشە یەک لە دوای یەکەکانی کەنەدا بگرێت و لە دوایین ساتەکاندا ماڵئاوایی لە پاڵەوانێتییەکە بکات.




