رووداو دیجیتاڵ
لە ئۆپەراسیۆنێکدا کە سێبەر و گوشاری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای لە پشتبووە، 47 بەرپرس و پەرلەمانتاری باڵای عێراق بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیر کران. ئەم هەڵمەتە کە لە دۆسیەی وەزارەتی نەوتەوە دەستیپێکردووە و سەدان بەرپرسی دیکەش لە ژێر چاودێریی ورد دان.
لە ناو دەستگیرکراوەکاندا، بریکاری وەزارەتی نەوت و 12 پەرلەمانتاریشیان تێدایە. میدیای فەرمیی عێراق ناوی ئەو کەسانەی بڵاو کردەوە کە لە 12 کاژێری ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکەدا دەستگیر کراون کە شیعە و سوننەیان لە نێودایە.
ئەم ئۆپەراسیۆنە بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، 28-06-2026 دەستیپێکردووە و زۆرینەی تۆمەتبارەکان بەهۆی دۆسیەی گەندەڵیی (عەدنان جومەیلی)، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوتەوە دەستگیر کراون.
نزیکەی 1,000 بەرپرس داواکراون
دکتۆر نەهرۆ محەممەد، ئیدیتۆر لە دێسکی عێراقیی تۆڕی میدیایی رووداو و مامۆستای زانکۆ، لە ستۆدیۆی بەرنامەی (لەگەڵ رەنج)ـدا ئامادەبوو و گوتی: نزیکەی 128 کەس لەو کەیسەدا داواکراون و 952 کەس لە عێراق داواکراون. دۆسیەی گەندەڵی بۆ زۆربەی بەرپرسانی عێراق ئامادەیە، بەڵام کات و شوێن دیار نییە.
بە گوتەی نەهرۆ محەممەد، هێشتا سەرە گەورەکان ماون و نەگیراون. ئەو گوتیشی: دوو هەفتە پێش ئێستا عێراق چووەتە نێو پڕۆژەی سپیکردنەوەی پارە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا؛ (FBI) لە پشتە، ئەمەش بۆ چارەسەرکردنی گرفتە داراییەکانی عێراقە و زۆربەی بەرپرسانی عێراق لە گەندەڵیدا تێوەگلاون.
رێککەوتنی پێشوەختە لەگەڵ ئەمریکا؛ 90%ی جومگەکانی دەسەڵات تووشی گەندەڵی بوون
فازڵ نەبی، بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق لە ستۆدیۆکەدا وردەکاریی زیاتری خستە روو و گوتی: مانگێک پێش ئەوەی عەلی زەیدی داوا بکرێت بۆ ئەوەی رابسپێردرێت بۆ سەرۆکوەزیران، ئەمریکا رێککەوتنی لەگەڵ کردووە کە دەبێت ئەو هەنگاوانە جێبەجێ بکات، یەکێک لە هەنگاوەکان رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بوو. بۆیە عەلی زەیدی ئەمریکای لە پشتبووە.
لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمڕۆ شەممە، فازڵ نەبی دەڵێت: بە زیرەکی کارەکەیان کرد، ئەگەر لە سەرووەوە بۆ جیهەتی خوارەوە دەستیان پێ بکردایە نەیدەتوانی، بەڵام ئەوان پێچەوانەیان کرد. بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق باسی لەوە کرد: کاتی خۆی ئەمریکا دەهاتنە لای من کە وەکیل وەزیر بووم، زۆر زانیارییان لە من وردتر بوو، هەموو وردەکارییەکانیان دەزانی بە ناو و بە شوێنەوە. ئەمریکا دەیەوێت رێگری لە سپیکردنەوەی پارە بکات، لە بەڕێوەبەرە گشتییەکانەوە دەستیان پێ کرد و هێواش هێواش دەرۆنە سەرەوە تاوەکو دەگەنە سەرە گەورەکان. بەڵام دەیانەوێت هەرە گەورەکان رێکاری یاساییان لەگەڵ نەکرێت بەڵکو پارەکە بگەڕێننەوە.
فازڵ نەبی گوتی: 90%ی جومگەکانی دەسەڵات لە عێراق تووشی گەندەڵی بوون. گەندەڵی پیشەسازییەکی زۆر گەورەیە، چونکە ئەگەر تەنیا بە فرۆشتنی هەندێک ماددەی وەک کبریت پارەکەی تەواو وەربگیرایە، عێراق بۆ بودجە پێویستی بە نەوت و هیچ شتێکی دیکە نەدەبوو. لەبارەی نەوتەوە گوتی: رۆژانە 1 ملیۆن بەرمیل نەوت بە پاڵاوگەکان دەدرێت و هیچ پارەیەکی ناچێتە گەنجینەی دەوڵەت، ئەگەر پارەکە بۆ گەنجینە بێتەوە، مانگانە ملیار و نیوێک دۆلار و ساڵانە 18 بۆ 22 ملیار دۆلار دەگەڕێتەوە گەنجینەی دەوڵەت.
300 ملیار دۆلار لە عێراق چووەتە دەرەوە؛ بەرپرسی کورد لە ناو گەندەڵییەکان هەیە؟
عەلی حەمە ساڵح، بریاردەری رەوتی هەڵوێست ئاماژەی بە گەورەیی تۆڕەکە کرد و گوتی: ئەمە تۆڕێکی زۆر گەورەیە و زۆر کەسی پێوە دەبێت، هەموو ئەو بەرپرسانەی تێوەگلاون دەترسن و مۆبایلیان داخستووە و شوێنیان گۆڕیوە. بە گوتەی عەلی حەمە ساڵح، هیچ مامەڵەیەک لە وەزارەتەکانی عێراق بەبێ پارە نەکراوە، هەندێک شوێن هەبووە گوتوویەتی برۆ 10 کاژێری (Rolex)ـمان بۆ بکڕە.
لەبارەی هەبوونی بەرپرسی کورد لە ناو گەندەڵییەکانیش گوتی: بەرپرسی کوردی تێدایە، مەرج نییە لەو دۆسیەیەوە بێت، لە وەزارەتەکەی خۆی کردوویەتی. کورد و سوننە و خەڵکی گەورەش هەمووی تێدایە، خەڵکانێکی دەسەڵات لە پشت ئەم گەندەڵییەن. گەندەڵی لە کوردستان و عێراق جیاوازە، لە کوردستان 90% لە سەرووەیە و لە خوارەوە ناوێرن بیکەن.
عەلی حەمە ساڵح باسی لە بەڵگەکانی بەردەستی کرد و گوتی: 395 دۆسیەم لە بەردەستە کە 25 ئەوەندەی کەیسەکەی ئەمڕۆ دەبێت کە لە هەرێمی کوردستانە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان کەس لە سەر ئەوە ناگیرێت. دۆسیەیەکم لە بەردەستە کە 300 ملیار دۆلار لە عێراق چووەتە دەرەوە، لە کوێ بۆ کوێ بەڵگەم لایە و تاوەکو ساڵی 2015ـەیە و 300 لاپەڕەیە، هەموو بانکەکانی تێدایە. ئەگەر دۆسیەکە بەردەوام بێت عێراق دەچێتە قۆناخــێکی دیکەوە.
لە بەغدا، سڵاوێک بکەی دەبێت کارتێکی مۆبایلیان پێبدەیت
حاکم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەسپاکی هەرێمی کوردستان لە ستۆدیۆ گوتی: لە بەغدا هەر سڵاوێک بکەیت ئەگەر هیچت نەدابێت دەبێت کارتێکی تەلەفۆنیان پێ بدەیت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان کەمترە. ئەم کارە زۆر دەمێکە پلانی بۆ دانراوە و ئەگەر لە ناو خولی داهاتوودا بوایە نەدەکرا، بەڵام 5 رۆژ ماوە بۆ دەستپێکردنەوەی خولی نوێی پەرلەمان و کارەکە بە زیرەکی کراوە.
لەبارەی ئاگادارییان لە کەیسەکەی ئەمڕۆ حاکم ئەحمەد ئەنوەر گوتی: هیچ هاوئاهەنگیــیەکیان لەگەڵمان نەکردووە، تەنیا لە دوو هەفتەی رابردوو سێ پەیوەندیمان هەبووە لەگەڵ سەرۆکی دەستەی دەسپاکی و دوو جێگری، هەندێک زانیاری هەبوو لەسەر موڵکەکانی (عەدنان جومەیلی) لە هەرێمی کوردستان، ئێمەش هاوکاریمان کردووە و ئامادەشین هاوکارییان بکەین.
گەندەڵی لە وەزارەتەکانی بەرگری و کارەبا
شیروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: تەنیا کەیسی (عەدنان جومەیلی) نییە، بەڵکو چەندین دۆسیەن و زۆر فراوانە، نەوت و گاز و تەنانەت هەندێکیان نزیکی محەممەد شیاع سوودانین. وەزارەتەکانی بەرگری، ناوخۆ و پیشەسازی دۆسیەی زۆر گەورەی گەندەڵییان هەبووە. پێش چەند رۆژێک ئەو 800 سەیارەیە کە زیاتر لە 862 ملیار کە بە 300 هەزار دۆلار گرێبەستیان کردووە ئاشکرا بوو. ئەو ئەندام پەرلەمانانەی چەندین ساڵە هێرش دەکەنە سەر ئاوەدانی و پێشکەوتن و گوزەرانی کوردستان، ئەمڕۆ خۆیان لە سەر گەندەڵی گیراون. ئەگەر بەردەوام بن لە سەر بەدواداچوون، کەس نامێنێت حوکمی عێراق بکات چونکە هەموویان گەندەڵ دەردەچن.
دووبەردانی ئاماژەی بەوەش کرد، کاتێک گەنجینەی دەوڵەت پێشکەشی عەلی زەیدی کراوە و یەک تریلیۆنی تێدا بووە و گوتی: خراپترین بودجە لە عێراق بودجەی سێ ساڵی رابردووە چونکە دوو ساڵە هەر بودجە نییە. زۆر کەس هەن کە زانیارییان هەبووە و ئاگادارکراونەتەوە و هەڵاتوون. زۆرترین گەندەڵی لە وەزارەتەکانی کارەبا و نەوتدایە. تەنیا لە دۆسیەی (عەدنان جومەیلی) 128 کەس تێوەگلاون.
شیروان دووبەردانی دەڵێت: لە 22 یان 23ـی تەممووز عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ئەمریکا دەبێت و پێش ئەو کاتە دەیەوێت کابینەکەی تەواو بکات و ئەو دۆسیانە هەڵبداتەوە. عەلی فالح زەیدی لە ئێوارەی 27ـی نیسانی 2026 بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ راسپێردرا و تەنیا 30 رۆژی لە بەردەم بوو بۆ پێشکەشکردنی کابینەکەی و بڕیارە هەفتەی داهاتوو کابینە نوێکەی بە تەواوی دەست پێ بکات.
شەڕی ئابووری و مەترسی لەسەر بودجەی 2027
جەمال کۆچەر، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: چونکە (عەدنان جومەیلی) زیاتر کارەکەی لە ناوچەی سوننەکان بووە، زۆربەی ئەوانەی تێوەگلاون سوننەن، بەڵام شیعەشیان تێدایە و هەندێکیان لە سوودانییەوە نزیکن. یەکێک لەوانەی دەستگیرکراوە (موسەننا سامەڕایی)ـە، سەرۆکی هاوپەیمانیی (عەزم)ـی سوننەکانە. هەروەها (عەلی مەعارج بەهادلی)، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دابەشکردن دەستگیرکراوە کە پێشتر لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە سزادرابوو.
جەمال کۆچەر باسی لەوەش کرد: زەیدی دەیەوێت تۆڕەکانی گەندەڵی بدۆزێتەوە نەک تەنیا کەسەکان. ئەم دەستگیرکردنە هەموو عێراق دەگرێتەوە، چونکە ئەمە بەشێکە لە شەڕی ناوچەکە. ئەگەر ئێستا ئەم کارە نەکرایە، کە پەرلەمانتارەکان ملیاران دۆلاریان سەرفکردووە، لە بودجەی 2027 دەکێشرا و دەوڵەت دەرووخا. ئەگەر ئەم هەڵمەتە نەوەستێت، بودجەیەکی تەواو لەو بەرپرسانە وەردەگیرێتەوە. چونکە بودجەی ساڵانی 2027، 2028 و 2029 لە مەترسیدا بوو.
سەرە گەورەکان ئاشکرا نابن؟
سامی ئەترووشی، ئەندامی پێشووی لێژنەی دارایی عێراق گوتی: گەندەڵی لە عێراق بووەتە دیاردە و هەوڵ دەدەن رێگەی نوێ بدۆزنەوە. کێشەکە لە سوودانی نییە بەڵکو (فایەق زێدان) خوڵقێنەری بابەتەکەیە، چونکە پێشتر گوتوویەتی بەرپرسێک نییە مەلەفی لای من نەبێت. لەبارەی دۆسیەکانی دیکەی گەندەڵی سامی ئەترووشی ئاشکرای کرد: دۆسیەی شەمەندەفەری عێراق 22 ملیار دۆلارەی بۆ دابینکراوە، بەڵام ئێستا راوەستاوە چونکە گەندەڵییەکەی زۆر گەورە بوو. یەک وەزارەت نییە گەندەڵی تێدا نەبێت. وەزارەتی بەرگری پارەی زۆری لایە، وەزارەتی بازرگانی لە سەردەمی ئێمەدا وەزیرەکەی بانکگراو بوو کە گەندەڵی دەکات.
ئەندامی پێشووی لێژنەی دارایی گەشبین نییە و گوتی: سەرە گەورەکان ئاشکرا نابن و دواتر هەر یەکەیان بێدەنگ دەکرێن، تەنیا پێیان دەڵێن پارەکان بهێننەوە و ئەمەش چارەسەر نییە.
ئایا واشنتن گوشاری کردووە بۆ هەنگاوی جیدی؟
لەبارەی بەشداریی ئەمریکا لە ئۆپەراسیۆنەکاندا، دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن رایگەیاند: لێرە هەواڵەکە بڵاوکراوەتەوە، بەڵام دەنگدانەوەیەکی وەهای نەبووە چونکە کەسی باڵاتر ماون بگیرێن. ئەمریکا لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بە راستەوخۆ بەشدار نەبووە، بەڵام گەنجینەی ئەمریکا زانیاریی تەواوی داوەتە عێراق بۆ ئەوەی هەنگاوی جدی بنێت. هاوکارییەکە بە شێوەیەک بووە کە زانیارییان لە سەر ئەوانەش داوە کە یارمەتیی گرووپە چەکدارەکان دەدەن.
بەپێی زانیارییەکانی دیار کوردە: هەندێک بەرپرسی یەکجار باڵا هەن تەنانەت لە ناو حکومەتەکەی زەیدیـدان کە دەبێت رووبەڕوویان ببێتەوە. پاکێجێکی سزادانیان هەبوو، بەڵام بەهۆی سەردانی (تۆم باراک) دواخرا. (عەدنان جومەیلی) کاریگەریی لە سەر پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا دەبێت، چونکە لە ناو لیستی سزادراواندا بووە. گوشارێکی زۆر لە حکومەتی عێراق دەکرێت بۆ ئەوەی ئەم داواکارییانە جێبەجێ بکات تاوەکو شەفافیەت بگەێنرێتە لووتکە و چیدیکە بوار بۆ گەندەڵی نەمێنێتەوە.
ئەم هەڵمەتە لە کاتێکدایە کە پڕۆسەی سیاسیی عێراق گۆڕانکاریی گەورەی تێدا روودەدات. پەیامی ئەمریکا لە 24ـی نیسانی رابردوو لەلایەن شیعەکانەوە بەو شێوەیە خوێندرایەوە کە مەبەست لێی رەتکردنەوەی (باسم بەدری) و (ئیحسان عەوادی) بووە، کە دوو بەربژێری رکابەری بەرەی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان و دەوڵەتی یاسا بوون. دوو رۆژ دواتر لە ماڵی (فالح فەیاز)، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، نووری مالیکی و محەممەد شیاع سوودانی کۆبوونەوە و گەیشتنە لێکتێگەیشتن لەبارەی عەلی زەیدی، کە زیاتر بە رەزامەندیی مالیکی گەیشتە ئەم قۆناخە.



