ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان: هەندێک لە دەسەڵاتدارانی گردی زەرگەتە دژایەتی پرۆسەی ئاشتەواییان کرد

13-12-2023
نازەنین گۆران
نیشانەکردن بزووتنەوەی گۆڕان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت، ئەوانەی لە بزووتنەوەکە زوویر بوون، بەتایبەتی عوسمانی حاجی مەحموود، داوای کردووە بزووتنەوەکە لە حکومەت بکشێتەوە و بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەکات، بەڵام گۆڕان لەگەڵ ئەوەدا نییە. دەشڵێت "ئەگەر ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و رێکخەر لە کاتی خۆیدا هەڵبژێردرێن، 27ـی ئەم مانگە کۆنفرانس دەبەستین."
 
رۆژی سێشەممە، 12ـی ئەم مانگە، بزووتنەوەی گۆڕان دەرگای خۆبەربژێرکردنی بۆ ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و رێکخەری گشتیی بزووتنەوەکە کردەوە، کە شەش رۆژ بەردەوام دەبێت. هەر کەسێک مەبەستی بێت، دەتوانێت فۆڕمێک پڕبکاتەوە، کە لەلایەن ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەکەوە ئامادە کراوە.
 
رۆژی چوارشەممە، 13-12-2023 نزار مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "دوای پڕکردنەوە و گەڕاندنەوەی فۆرمەکان، پێداچوونەوەیان پێدا دەکرێت، دواتر لە کۆبوونەوەیەکدا کە پێشبینی دەکەم 25ـی ئەم مانگە بێت، ئەندامانی خانەی راپەراندن و رێکخەریش هەڵدەبژێردرێن."
 
بەگوتەی نزار مەحموود، هەر دوێنێ شەش بۆ حەوت کەس خۆیان بۆ بوونە ئەندامی خانەی راپەراندن بەربژێرکردووە. لەبارەی رێکخەریش گوتی "بۆ رێکخەریش، هەندێک کەسایەتی هەن وەکو دانای ئەحمەد مەجید، شەماڵ عەبدولوەفا، مستەفای سەید قادر، سەفینی مەلا قەرە، بەڵام چاوەڕوانین بزانین چەند کەسیان فۆرم پڕدەکەنەوە، هەرچەندە مستەفای سەید قادر، عومەری سەید عەلی و ئاوات شێخ جەناب لە ئێستاوە گوتوویانە خۆیان بەربژێر ناکەن."
 
بەگوێرەی دەستووری بزووتنەوەی گۆڕان، ئەندامیێتی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەکە بۆ دوو ساڵە. نزار مەحموود گوتی "بەڵام ئێمە کۆنفرانسمان لە پێشە، کە رەنگە لە کۆنفرانس خانە لە نێو ئۆرگانەکاندا نەمێنێت و پێکهاتەکە بگۆڕێت، بۆیە بەدڵنیاییەوە دوای کۆنفراس، بڕیاری هەڵبژاردنی ناوخۆیی دەدرێت و بە دڵنیاییەوە خانەیەکی دیکە هەڵدەبژێدرێت."
 
ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان گوتیشی، "بەشێک لە هەڵسوڕاوان لەکاتی نووسینەوەی رەشنووسی دەستوور بۆ کۆنفرانس، چەند رایەکیان هەبووە، کە بەشێک پێیانوابوو خانەی راپەڕاندن سێ کەس بێت و ناوی خانە نەبێت رێکخەر بێت، لەگەڵ دوو جێگر، بەشێکیان لەگەڵ ئەوەدان خانە بۆ 11 کەس زیاد بکرێت، بۆیە ئەوانە هەمووی گفتوگۆیە و دەکرێت و لە کۆنفرانس یەکلادەکرێتەوە."
 
ئەندامانی خانەکە پێکدێن لە رێکخەری گشتی، سکرتێری کاروباری جڤاتی نیشتمانی، سکرتێری کاروباری فراکسیۆنەکان، سکرتێری کاروباری ژوورەکان، سکرتێری کاروباری باژێڕەکان، سکرتێری کاروباری خەڵک، سەرۆکی جڤاتی نیشتمانی، رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن، کە دوو ساڵ جارێک هەڵدەبژێردرێن، بۆشیان هەیە بۆ سێ خولی هەڵبژاردن خۆیان هەڵبژێرن.
 
"لە پرۆسەی ئاشتەوایی سەرکەوتوو نەبووین"
 
رۆژی چوارشەممە، 13-10-2021 رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان دەستیان لەکارکێشایەوە و، خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕانیش رایگەیاند، لە نزیکترین کاتدا دەستەیەک بۆ بەڕێوەبردنی بزووتنەوەکە هەڵدەبژێرن.
 
نزار مەحموود دەڵێت "پێویست بوو 40 رۆژ دوای دەستلەکارکێشانەوەیان، شوێنەکانیان پڕبکەینەوە، بەڵام پڕمان نەکردەوە بە هەندێک هۆکار، چونکە جڤات پێیوابوو پێویستە ئاشتەوایی بکرێت و بگەڕێنەوە، هەر بەهۆی ئەوەش کۆنفرانس دواکەوت، چونکە پێمان باش بوو هەموومان پێکەوە کۆنفرانس بکەین و پێکەوە کەسی شیاو بۆ شوێنەکان دیاری بکەین، بەڵام برادەران نەگەڕانەوە و پێیانگوتین ئێوە بڕۆن خۆتان رێکبخەنەوە، ئێمە پاڵپشتیتان دەکەین، بەڵام لە ئۆرگاندا نابین."
 
ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان کە ئەندامی لیژنەی ئاشتەوایی بزوتنەوەکە بووە، دەڵێت، "سەردانی هەموو کەسە دیارەکان و ئەوانەی وەکو گروپ بوون، کراوە، بە نموونە یەکێک لە کەسە سەرەکییەکان کە کارمان بۆ گەڕانەوەی دەکرد عوسمانی حاجی مەحموود بوو، زۆر وتووێژمان لەگەڵدا کرد لەگەڵ ئەوانی دیکەش قسەمان کردووە هەندێک پێشنیازیان هەبووە، کە هێناومانەتەوە نێو لیژنە و لێکتێگەیشتنی باشیش لە نێوانمان هەبووە، بەڵام دواجار پڕۆسەکە سەرکەوتوو نەبوو." 
 
عوسمانی حاجی مەحموود بۆ لیژنەی ئاشتەوایی: لە حکومەت بکشێنەوە و بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمان نەکەن
 
عوسمانی حاجی مەحموود، یەکێک لە دامەزرێنەرانی بزووتنەوەی گۆڕان 17 خاڵی بە لیژنەی ئاشتەوایی داوە لەبارەی گەڕانەوەی بۆ نێو بزووتنەوە، یەکێک لەوانە کشانەوەیان لە حکومەت و بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
 
نزار مەحموود دەڵێت "ئەو 17 خاڵە، بەرنامەیەک بوو بۆ راستکردنەوەی بزووتنەوەکە، هەموومان لەسەر خاڵەکان کۆکبووین، بەڵام چەند خاڵێکی کەم هەبوون کە کۆک نەبووین لەسەریان، بۆیە پڕۆسەی گەڕانەوەکەش سەرینەگرت، یەکێک لەوانە داوای دەکرد پێش گەڕانەوەی بۆ بزووتنەوەکە، لە حکومەت بکشێینەوە و بەشداری هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان نەکەین."
 
بەگوتەی ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان لە وەڵامی عوسمانی حاجی مەحموود، پێیانگوتووە ئێوە بگەڕێنەوە نێو بزووتنەوەکە و هەمووان پێکەوە بڕیار دەدەن بکشێنەوە یاخود نا. چونکە ئەوە بڕیارێکی گشتییە و بە یەک کەس نابێت، "گوتمان وەرەوە بۆ ئەوەی تۆش بەرپرسیاریێتی بڕیارەکە هەڵبگریت، بەڵام ئەو پێیوابوو دەبێت پێش گەڕانەوەی ئەو بکرێت."
 
نزار مەحموود ئاماژەی بەوەش کرد، "داواکاریی و پێشنیازی بەشێکی زۆر لە کەسە زوویرەکانی بزووتنەوەی گۆڕان لە چوارچێوەی ئەو دوو داواکارییەدا بوو کە کشانەوەیە لە حکومەت و بەشدارینەکردن بووە لە هەڵبژاردن. پێیانوابوو دەبێت بزووتنەوەکە بەشداری لە هەڵبژاردنیشدا نەکات و خۆی رێکبخاتەوە."
 
"هەندێک لە دەسەڵاتدارانی گردەکە دژی ئاشتەوایی بوون"
 
بەگوتەی نزار مەحموود، یەکێک لە هۆکارەکانی شکستهێنانی پرۆسەی ئاشتەوایی، پەیوەندی بە هەندێک کەسی گردەکەوە هەبووە، گوتی "کۆمەڵێک خەڵک، کە دەسەڵاتیان هەبوو لە گردەکە، هەوڵی تێکدانی پرۆسەی ئاشتەواییان دا، بۆیە پرۆسەکە تێکچوو، ئەگەرنا جڤاتی نیشتمانی تائێستاش پێی باشە بزووتنەوە لە ئاشتەوایی بەردەوام بێت، بەڵام ئەو کارەیان بەمەبەست وەستاند."
 
بەگوتەی ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەکە، داوا لە عوسمانی حاجی مەحموودیش کراوە وەکو رێکخەر خۆی بەربژێر بکات و دەڵێت،"بەڵام لەبەرئەوەی لەلایەن کۆمەڵێک لە دەسەڵاتدارانی نێو بزووتنەوەکە ئۆکەیان لەسەر نەکرد، بۆیە ئەویش گفتوگۆکانی راگرت، چونکە هەندێکیان هەر پێیان خۆش نەبوو کاک عوسمان ببێتە رێکخەر."
 
کۆنفرانسی گۆڕان
 
بڕیار بوو پار بزووتنەوەی گۆڕان کۆنفرانس ببەستێت، بەڵام تاوەکو ئێستا نەکراوە و پرۆسەکەش بەهۆی کارەکانی لیژنەی ئاشتەوایی دواخرا، چونکە بزووتنەوەکە سەرقاڵی خۆڕێکخستنەوە بوو، هەوڵێکیش هەبوو بۆ ئاشتکردنەوەی ئەندامە زویربووەکانی بزووتنەوەکە هەر بەو مەبەستەش ''لیژنەی ئاشتەوایی'' بۆ بەدواداچوونی کارەکانی ئاشتکردنەوە و دانوستاندن، لەگەڵ ئەندامە ناڕازییەکان چەندین کۆبوونەوەی هەبووە. 
 
لەبارەی کاتی بەستنی کۆنفرانس، نزار مەحموود گوتی "دوای هەڵبژاردنی خانەی راپەراندن و رێکخەری گشتی کار لەسەر کۆنفرانس دەکرێت، هەموو شتێک ئامادەیە و بڕیارمانداوە 27ـی ئەم مانگە کۆنفرانس بکەین، بەڵام هەڵبژاردنی ئەندامانی خانە دواکەوت، بۆیە دەکرێت ئەویش هەندێک دوابکەوێت، واتا کۆنفرانس لەسەر هەڵبژاردنی ئەندامانی خانەی راپەڕاندن ماوەتەوە، بۆیە کۆنفرانیش رەنگە لە 27ـی ئەم مانگەدا بکرێت."
 
"بزووتنەوەی گۆران لە حکومەت بکشێتەوە و بە فۆرمێکی دیکە سیاسەت بکات"
 
بێستوون فایەق، پەرلەمانتاری خولی چوارەم کە ئەویش یەکێکە لە زویربووەکان و دەستبەرداری کاری حیزبی بووە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دوو لیژنەی باڵای ئاشتەوایی پێکهێنرا و لەگەڵ بەشێکی زۆری ئەو کەسانە قسەیان کرد کە لە دەرەوەی بزووتنەوەکەن بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە، بەڵام پێدەچێت نەگەیشتبنە ئەنجامێکی ئەوتۆ و ناگەن بە ئەنجامیش، چونکە گۆڕان پێویستی بە ئاشتکردنەوەی جەماوەرەکەیەتی لە رێگەی پێداچوونەوە بە کاری سیاسی و بەشدارییان لە حکومەت."
 
بەگوتەی بێستوون فایەق، ئەوانەی ئێستا لە دەرەوەی بزووتنەوەکەن، گرووپێکی رێکخراو نین تاوەکو بڵێن یەک داواکاری یەکگرتوویان هەیە، رەنگە هەر گرووپێک و داواکارییەکی هەبێت، بەڵام دەڵێت "هەر لە سەرەتاوە بەشێکی زۆری ئەو کێشانەی کە دروست بوون پەیوەندی بە بەشداریکردنی گۆڕان لە حکومەت بووە."
 
ئەو پەرلەمانتارەی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان گوتی: "هەنگاوی یەکەمی داواکارییەکانی ئەوانەی ئێستا لە دەرەوەی بزووتنەوەکەن ئەوەبوو بزوتنەوەکە بە فۆرمێکی دیکە سیاسەت بکات و لە حکومەتی خۆجێی و مەرکەزی بکشێتەوە و چارەنووس و یەکلاکردنەوەی ماڵ و موڵکەکانی بزووتنەوەکە کە بە ناوی کاک نەوشیروان بوو، پێدەچێت نیەت و ئیرادەیەکی جدیش نەبێت بۆ کۆکردنەوەی ئەو هەموو خەڵکەی ئێستا لە دەرەوەی بزووتنەوەکەن."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان

مەسرور بارزانی لەبارەی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلی بەرپرسێکی پارتی: هەر کەسێک لە پشتیەوە بێت رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەوڵی "تیرۆرکردن"ـی ئەکرەم ساڵح، بەرپرسی لقی 22ی گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان سەرکۆنە دەکات و دەڵێت، "پێویستە دەزگا پەیوەندیدارەکان هەوڵی ئاشکراکردنی ئەنجامدەرانی ئەم کارە تیرۆریستییە بدەن".