رووداو - دیجیتاڵ ژمارەیەک لایەنى کریستیان "دەستپێشخەریی تلکێف" رادەگەیێنن کە یەکێک لە ئامانجەکانی رێگریکردنە لە داگیرکردنی 1600 پارچەزەوی لە دەشتی نەینەوا کە سنووری مادەی 140ی دەستوورە. ئەو دەستپێشخەرییە لەلایەن هاوپەیمانێتیی کریستیانەکانەوە کراوە. بەگوێرەی راگەیێندراوی هاوپەیمانێتییەکە، هەنگاوەکە بۆ بەرگریکردنە لە مێژووی کریستیانەکان و پاراستنی فرەچەشنی دیمۆگرافی لە دەشتی نەینەوا. یەکێک لە خاڵەکانی ئەو دەستپێشخەرییە رێگرییە لە دابەشکردنی نزیکەی 1600 پارچەزەوی نیشتەجێبوون لە تلکێف لە دەشتی نەینەوا کە موڵکی کریستیانەکانن. هاوپەیمانێتیی کریستیانەکان لە ساڵی 2024 دامەزراوە و چەند لایەنێکی سیاسی و رێکخراوی کریستیان تێیدا بەشدارن. گۆران سوور، سەرۆکی (هاوبەندی کلدانیی جیهان) کە ئەندامە لەو هاوپەیمانێتییە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "یەکەم هەنگاوی دەستپێشخەریی تلکێف یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی 1600 پارچە زەوییەکەی قەزای تلکێفە" و ئاماژەی بەوەشکرد، رێکاری یاسایی لە پەرلەمانی عێراقەوە دەگرنەبەر بۆ رێگریکردن لە داگیرکردنی ئەو زەوییانە. ئەو زەوییانەی تلکێف بەگوێرەی بڕیارێکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش داگیرکران بۆ ئەوەی بەسەر هاووڵاتیانی عەرەبدا دابەش بکرێن. لەگەڵ ئەوەی بەگوێرەی بڕیاری ژمارە 12ی ساڵی 2004 ئەو رێکارە هەڵوەشایەوە، بەڵام لە دەستپێشخەریی تلکێفدا هاتووە: "چەندین شوێنەواری پراکتیکی و کارگێڕیی هێشتا لە هەندێک فەرمانگەدا ماون، ئەمەش چارەسەرێکی یاسایی و کارگێڕیی گشتگیر دەخوازێ." گۆران سوور دەڵێ: "ئەوەی کراوە گۆڕینی دیمۆگرافییە کە زەوی ئەو ناوچەیە بەسەر عەرەبدا دابەش بکرێ." تلکێف کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی کریستیانن، یەکێکە لەو ناوچانەی کە مادەی 140ی دەستوور دەیگرێتەوە و لە سەردەمی دەسەڵاتی حیزبی بەعسدا هوڵی گۆڕینی سنووری کارگێڕی و سرووشتی دیمۆگرافیای دانیشتووانەکەی دراوە. محەممەد کاکەیی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە تۆڕی میدیایی روواوی رگەیاند: "ئەو زەوییانە بەگوێرەی بڕیاری ژمارە 117ی دەسەڵاتی پێشووی عێراق بەسەر فەرمانبەران و ئەفسەرانی سوپای عێراق دابەش کراون و ئێستا راگیراوە، ئەوە جگە لەوەی بڕیارێکی دادگە هەیە کە رێگری دەکات لەوەی زەوی ناوچەیەک کە سەر بە پێکهاتەیەکن بەسەر پێکهاتەی دیکەدا دابەش بکرێ." ساڵی 2014 دادگەی باڵای فیدراڵی شرۆڤەیەکی بۆ مادەی 23ی دەستووری عێراق کرد و گوتی، نابێت زەوی ناوچەیەک بە مەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافی بەکاربهێندرێ. بڕگەی سێی مادەکە دەڵێت: "نابێت بەناوکردنی زەوی بە مەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافیا ئەنجام بدرێ."