رووداو دیجیتاڵ
لە بازنەی پارێزگای هەڵەبجە، 22 ژن کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی سێ کورسی دەکەن، کە یەکێکیان بۆ ئافرەتان مسۆگەرە.
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، لە کۆی 54 بەربژێری بازنەی پارێزگای هەڵەبجە، 22ـیان ژنن و، رکابەری دەکەن لەسەر بەدەستهێنانی سێ کورسییەکەی هەڵەبجە، کە دەبێ یەکێکیان ژن بێت، کۆمەڵی دادگەری بە بەربژێرکردنی سێ ژن، زۆرترین ژنی بەربژێر کردووە لە پارێزگاکەدا.
بەپێی بڕگەی چوارەم لە مادەی 49ـی دەستووری عێراق و مادەی 11ـی یاسای ژمارە 16ـی ساڵی 2005ـی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە پشتبەستن بە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئابووری و کۆمەڵایەتیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە بڕیاری ژمارە 15 لە ساڵی 1990، رێژەی 25% دانراوە بۆ کۆتای ژنان لە کورسییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیش لە رێزبەندیی ژمارە 59ـی پەرلەمانەکانی پابەندە بە کۆنگرەی پەکین کە بە یاسا 30٪ـی بۆ کۆتای ژنان دیاریکردووە.
پارتی دیموکراتی کوردستان دوو بەربژێری لە پارێزگای هەڵەبجە هەیە، یەکێتی دوو بەربژێر، یەکگرتوو دوو بەربژێر، کۆمەڵ سێ بەربژێر، رەوتی هەڵوێست یەک بەربژێر، هاوپەیمانیی نیشتمانی یەک بەربژێر، هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان دوو بەربژێر، نەوەی نوێ دوو بەربژێر، گۆڕان یەک بەربژێر، سەردەم دوو بەربژێر، بەرەی گەل دوو بەربژێر، بزووتنەوەی ئیسلامی لەو بازنەیە تەنیا بەربژێرێکی هەیە کە ژنە، هەروەها بزووتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامی بە بەربژێرێکی ژن بەشداریکرد، بەڵام دواتر لە بەرژەوەندیی کۆمەڵی دادگەری کشایەوە.
بەپێی یاسای ژمارە 1ـی ساڵی 1992ـی هەموارکراوی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و رێنمایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، سیستمی دابەشکردن و گۆڕینی کورسی ژمارە 9ـی ساڵی 2024 و مادەی سێ، بڕگەی سێیەم، پێویستە 30 کورسی پەرلەمان بۆ ژنان بێت، بۆ ئەوانەی دەنگی پێویست دەهێنن یان دەنگەکانیان ناگاتە ئاستی بەدەستهێنانی کورسییەکی پەرلەمان.
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 20ـی ئەم مانگە بکرێت، 1191 بەربژێر، لەنێویاندا 368 ژن. کێبڕکێ لەسەر 100 کورسیی پەرلەمانی کوردستان دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ