رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە گەڕەکی شۆریجە و رەحیماوای کەرکووک دەستیان بە گرتنی گەنجانی کورد کردووە و بەپێی زانیارییەکانی رووداو، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 70 گەنجی کورد دەستگیرکراون.
تاوەکو ئێستا بەرپرسانی کورد لە کەرکووک هیچ هەڵوێستێکیان لەبارەی دەستگیرکردنی ئەو گەنجانە نەبووە. هاونیشتمانییەک بە رووداوی راگەیاند، ژمارەیەک گەنج کە لەبەر دەرگەی ماڵ بوون نزیکەی 30 هەمەری سەربازیی هێرشیان کردووەتە سەر گەنجەکان و دەستگیرکراون و تاوەکو ئێستا ئازادنەکراون.
ئەو هاونیشتمانییە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا، لەنێوان گەڕەکی شۆریجە و رەحیماوا دەیان بازگەی ئەمنیی دانراون و لەڕێگەی رووداو داوا لە هێزە کوردستانییەکان دەکات هەڵوێستێکیان لە بەرامبەر ئەو هێرشانە هەبێت.
هیوا حوسامەدین، پەیامنێری رووداو لە کەرکووک سەبارەت بە دەستگیرکردنی ئەو گەنجانە رایگەیاند، ماوەی سێ رۆژە ئەو گرژییە دروستبووە، شەوی رابردوو بەشێوەیەکی زۆر خراپ دەستگیرکردنی گەنجانی شۆریجە و رەحیماوا دەستیپێکردووە.
ئەو گرژیانە لە رۆژی 10-10-2021 و لە یەکەم رۆژی دەنگدان کە ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن راگەیێنرا و پشکەکانی کورد دیاربوو خەڵک لای قەڵای کەرکووک دەستیان بە ئاهەنگگێڕان کرد، دواتر هێزێکی سەر بە لیوای 61 چەند کەسێکیان دەستگیرکرد کە ئاڵای کوردستانیان بەرزکردبووەوە.
پەیامنێری رووداو دەڵێت، ئەو گرژییەی ئەو رۆژە زوو کۆنتڕۆڵکرا، بەڵام بۆ رۆژی دواتر هێزەکانی سەر بە لیوای 61 بە هاوکاری بەشێک لە پۆلیسی فریاکەوتنی کەرکووک و سوپای عێراق دەستیان بە گرتنی خەڵک کرد و شەوی رابردووش لە گەڕەکی شۆریجە و رەحیماوا دەست بە گرتنی خەڵک کراوە.
هیوا حوسامەدین، پەیامنێری رووداو لە کەرکووک دەشڵێت، بەپێی ئامارەکان کە دەستی ئەو کەوتووە تاوەکو ئێستا 71 کەس دەستگیرکراون و لەلایەن هێزەکەی لیوای 61 بردراون.
هەروەها چەندین ڤیدیۆی هەڵکوتانەسەر ماڵان و لێدانی گەنجانی کورد لە کەرکووک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونتەوە کە بەشێکیان ئازاری زۆریان پێگەیێنراوە.
بەگوتەی پەیامنێری رووداو بەبێ ئەوەی لێکۆڵینەوە بکرێت هێزەکەی لیوای 61 چونەتە سەر چەند ماڵێک و خەڵکیان دەستگیرکردووە.
بڕیارە لە چەند کاژێری داهاتوودا سەرکردایەتیی کورد لەسەر ئەو بابەتە هەڵوێستی خۆیان بە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رابگەیێنن. بۆ ئەم مەبەستەش بڕیارە شاخەوان عەبدوڵڵا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا هەڵوێستەکە رابگەیێنێت.
ئێستا لە بازاڕی ناوەندی کەرکووک تاوەکو رەحیماوە کە 5 کیلۆمەتر دەبێت رێگەکە کراوەتەوە، بەڵام بازگەی زۆر دانراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵ خەڵک دەکرێت. پەیامنێری رووداو دەشڵێت " هێزەکان لە خەڵکیان داوە و رەشبگیرانە گەنجیان دەستگیر کردووە."
لیوای 61 لیوایەکی تایبەتە و سەر بە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە، لە دوای 16ی ئۆکتۆبەر دوای کشانەوەی هێزەکانی دژەتیرۆر لیوای 61 شوێنی ئەوانی گرتەوە و ئێستا بازگە سەرەکییەکانی کەرکووک بەدەست ئەوانەوەیە و ماوەی 4 ساڵە دۆسیەی ئەمنی لە دەستی ئەواندایە.
ناسر عەلی، بەرپرسی نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە دهۆک رایگەیاند، لە سنووری ناحیەی زوممار کە سنووری ماددەی 140ـە، بە هەمان شێوەی کەرکووک شەوی رابردوو چوار کەس لەسەر هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوبوون. بە گوتەی پەیامنێری رووداو؛ ئەو کەسانەی دەستگیرکرابوون لایەنگری پارتی بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ