وەزیری پلاندانان: ئەنجامەکانی سەرژمێریی ناوچەکانی مادەی 140 بەراورد دەکرێن بە سەرژمێریی ساڵی 1957

13-04-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری پلاندانان حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لیژنەیەک لەنێوان هەولێر و بەغدا پێکهێنراوە و ئەنجامەکانی سەرژمێریی ناوچەکانی مادەی 140 لەگەڵ ئەنجامی سەرژمێریی ساڵی 1957 بەراورد دەکەن. دەشڵێت، راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی سەرژمێری پێویستی بە کاتە.
 
رۆژی یەکشەممە، 13ـی نیسانی 2025، دارا رەشید بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بۆ یەکەمجارە سەرژمێریی ساڵی 1957 کراوەتە بنەمایەک بۆ سەرژمێریی 2024، کە ئەوکاتە نزیکەی 50٪ـی دانیشتووانی کەرکووک کورد بوون، بەڵام لە سەرژمێریی ساڵی 1997، رێژەی دانیشتووانی کورد لە کەرکووک کەم دەکرێتەوە بۆ کەمتر 20٪، بەهۆی گۆڕینی دیمۆگرافی."
 
دوای 37 ساڵ و لە 20 بۆ 22ـی تشرینی دووەمی 2024، لە عێراق و هەرێمی کوردستان سەرژمێریی گشتی کرا؛ تێیدا ناوی خێزانەکان تۆمارکران و تاوەکو 10ـی کانوونی دووەمی 2024، فۆڕمی تۆماری خێزان پڕکرایەوە، زیاتر لە 70 پرسیار لە هاونیشتمانی و هاووڵاتییان کرا.
 
وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "لە بەرژەوەندیی خەڵکی رەسەنی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی سنووری مادەی 140 بوو، کە سەرژمێریی ساڵی 1957 کرا بە بنەما بۆ بەراوردکردنی لەگەڵ سەرژمێریی 2024، چونکە ئەوکات بەشێکی زۆری کەرکووک کورد بوون، ئەگەر سەرژمێریی ساڵی 1965، 1977، 1987 و 1997 وەرگیرابا، مەترسی لەسەر کوردستانیبوونی ناوچەکە دروست دەکرد."
 
لەبارەی ئەنجامی کۆتایی سەرژمێری، دارا رەشید دەڵێت، "لیژنەیەکی باڵا لەنێوان عێراق و هەرێمی کوردستان پێکێنراوە تاوەکو ئەنجامی سەرژمێرییەکە بەراورد بکەن بە ئەنجامی سەرژمێریی ساڵی 1957، دواتر تۆمارێکی تایبەت بە ناوچە کوردستانییەکانی سنووری مادەی 140ـی دەستووری دروستدەکرێت و دەکرێتە بنەما، بۆیە تاوەکو بەراوردکارییەکان تەواو نەبێت، ئەنجامی کۆتایی راناگەیێندرێت."
 
رۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی 2024، سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرا، 25ـی تشرینی دووەمی 2024 ئەنجامی بەرایی سەرژمێرییەکە بڵاوکرایەوە و 24ـی شوباتی 2025ـیش نیشاندەرە رێژەییەکانی سەرژمێرییەکە ئاشکرا کران، کە بەپێی ئەو سەرژمێرییە ژمارەی دانیشتووانی هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان 46 ملیۆن و 118 هەزار و 793 کەسن و لەو ژمارەیەش شەش ملیۆن و 503 هەزار کەسیان دانیشتووی هەرێمی کوردستانن، بەوپێیەش رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دەکاتە ٪14ـی دانیشتووانی عێراق.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە