ئاکام عومەر گیانی لەدەستدا

12-12-2022
سیروان عەباس
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئاکام عومەر، فەرماندەی هێزەکانی کۆماندۆ کە لە مانگی ئۆکتۆبەر لە میانەی ئۆپەراسیۆنێکی هێزەکەیدا لە زنانە برینداربوو، ئەمڕۆ دووشەممە، 12-12-2022 بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە لە ئەڵمانیا گیانی لەدەستدا.
 
کەسێکی نزیکی ئاکام عومەر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ ئاکام عومەر، فەرماندەی هێزی کۆماندۆی کوردستان لە نەخۆشخانەیەکی ئەڵمانیا گیانی لەدەستدا.   
 
فەرماندەیی ھێزەکانی کۆماندۆی کوردستانیش لە راگەیێندراوێکدا گیانلەدەستدانی ئاکام عومەری راگەیاند و گوتی: "بەڵێنەكەی خۆی لەپێناو كوردستان بەجێهێنا و شەھید بوو. ئێمە لە فەرماندەیی كۆماندۆی كوردستان ئەم كۆستە گەورەیە بە هاوڕێ و هاوسەنگەران و دڵسۆزانی رادەگەیەنین."
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، تاوەکو ئێستا کاتی گەڕانەوەی تەرمەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دیارینەکراوە. 

 

دوای برینداربوونی، ئاکام عومەر 10 رۆژ لە نەخۆشخانەی فارووق لە سلێمانی مایەوە، دواتر بە فڕۆکە و لە رێگەی تیمێکی پزیشکییەوە بە مەبەستی چارەسەر بۆ وڵاتی ئەڵمانیا گواسترایەوە. 
 
هەروەها میدیای فەرمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند: "بە داخ و خەمێکی قووڵەوە، ئاکام عومەر، فەرماندەی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئەڵمانیا کۆچی دواییکرد." 
 
رۆژی 19-10-2022، هێزەکانی کۆماندۆ بە سەرپەرشتیی ئاکام عومەر، فەرماندەی هێزەکە بۆ ئۆپەراسیۆنێک دەچنە سنووری گەرمیان لە شارۆچکە زنانە، بەمەبەستی کێوماڵکردنی سنوورەکە و دەستبەسەرداگرتنی مۆڵگە و پاشماوەکانی داعش لە سنوورەکە، بەڵام "تۆڕێکی مین" بەهێزەکەدا دەتەقێتەوە. بەو هۆیەوە ئەندامێکی هێزەکە شەهید دەبێت و فەرماندەکەیان و حەوت ئەندامی دیکەیان بریندار دەبن.
 
ئۆپەراسیۆنەکە لە سنووری تاوێرکەوە لە ناوچەی پەڵکانە و زینانە لە سنووری گەرمیان بووە. دوای رووداوەکە میدیای فەرمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ئاکام عومەر، فەرماندەی ھێزەکانی کۆماندۆی کوردستان "بە سەختی" برینداربووە و ئەفسەر زوھێر محەممەد گیانی لەدەستداوە و حەوت پێشمەرگەی دیکەی ھێزی کۆماندۆی کوردستان برینداربوون. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی لووتکەچیای هەڵگورد لە 30-12-2022ـی. چیای هەڵگورد بەشێکە لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆس، وێنە: مەهدی فەرەج - رووداو

زانکۆی کوردستان: چیاکانی زاگرۆس کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەرە

جێگری سەرۆکی زانکۆی کوردستان-هەولێر دەڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ توێژینەوەیەکی رەسەن لەسەر چیاکانی زاگرۆس نەکراوە، گوتیشی، ''لە کۆپ29 داوامان لە چەند زانکۆی نێودەوڵەتی کردووە، سەردانی کوردستان بکەن، بۆ ئەوەی توێژینەوە لەسەر چیاکانی زاگرۆس بکەن.''