رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بۆ ماوەی پێنج رۆژ دەرگای خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستی قایمقامی شنگال دەکاتەوە، بە گوتەی ئەندامێکی ئەنجوومەن دوای وەرگرتنی سیڤییەکان ماوەی سێ رۆژ وردبینییان بۆ دەکرێت و بە دەنگدان یەکلایی دەکرێنەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 19ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بانگەوازی کردنەوەی دەرگای خۆبەربژێرکردنی بۆ پۆستی قایمقامی شنگال بڵاوکردەوە کە تاوەکو 22ـی تشرینی یەکەم دەبێت.
محەممەد کاکەیی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا کە ئەندامی لیژنەی وەرگرتنی سیڤییەکانە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەدوای وەرگرتنی سیڤیی بەربژێرەکان، ماوەی دوو بۆ سێ رۆژ لەدوای تەواوبوونی ماوەی وەرگرتنی سیڤییەکان وردبینییان تێدا دەکرێت بۆ ئەوەی بزانرێت مەرجەکانیان تێدایە."
حەوت مەرج دیاریکراوە بۆ بەربژێری پۆستی قایمقامی شنگال لەوانە، تەمەنی لە 30 ساڵ زیاتر بێت، بەکالۆریۆسی هەبێت، سزا نەدرابێت بەپێی حەوت مادەى یاسای سزادانی عێراق، خەڵکی نەینەوا بێت یان 10 ساڵ بێت لەو پارێزگایە بێت بەو مەرجەی مانەوەی بە مەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافی نەبووبێت، یاسای لێپرسینەوە و دادوەری نەیگرتبێتەوە، ئەندامی هێزە چەکدارەکان نەبێت و خزمەتی فەرمیی لە 10 ساڵ کەمتر نەبێت.
محەممەد کاکەیی رایگەیاند، تاوەکو ئێستا لایەنە سیاسییەکان نەگەیشتوونەتە سازان لەسەر بەربژێرێکی دیاریکراو بۆ پۆستی قایمقامی شنگال و ئەوانەی خۆیان بەربژێر دەکەن بە دەنگدان لە ئەنجوومەنی پارێزگا یەکلا دەکرێنەوە.
لەدوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، قەزای شنگال قایمقامی هەمیشەیی نییە کە متمانەی ئەنجوومەنی پارێزگای وەرگرتبێت، هەرچەندە بەگوێرەی رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال کە لە ساڵی 2020 لەنێوان هەولێر و بەغدا واژۆ کرا، دەبووایە قایمقامێکی نوێ بۆ قەزاکە هەڵبژێردرێت.



