رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کارەبا و پڕۆژەی رووناکی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامی کۆتایی هەڵمەتی داشکاندنی قەرزی پێش رووناکییان راگەیاند؛ بەپێی ئامارەکان، لێخۆشبوون بۆ زیاتر لە 403 ملیار دینار کراوە و نزیکەی یەک ملیۆن هاوبەش لێی سوودمەند بوون، هاوکات لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستانیش 70%ـی هاوبەشان هیچ قەرزێکی پێشووی کارەبایان لەسەر نەماوە.
لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا، پڕۆژەی رووناکی و وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی دووشەممە، 19ـی تشرینی یەکەمی 2026، داتای تەواوی هەڵمەتەکەیان راگەیاند و دەڵێن: "وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆشحاڵە بە راگەیاندنی ئەوەی کە لێخۆشبوونی بۆ زیاتر لە 400 ملیار دیناری قەرزی پێش رووناکی کردووە لە رێی هەڵمەتی داشکاندنە ناوازەکەوە."
لەبارەی دۆخی ئێستای هاوبەشانی کارەباوە، لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئەمڕۆ، زیاتر لە 70%ـی هەموو هاوبەشانی کارەبا لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان هیچ قەرزێکی پێش رووناکییان لەسەر نییە؛ قەرزی پێش رووناکیش بۆ ئەو هاوبەشانەی قەرزیان لەسەر ماوەتەوە، بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەکرێتە قیستی درێژخایەن، وەک چۆن پێشتر بڵاوکرابووەوە."
بەپێی ئەو داتایانەی بڵاوکراونەتەوە، هەڵمەتەکە بە سێ قۆناخ بەڕێوەچووە و بەم شێوازەی خوارەوە بووە:
مانگی ئاب:"409 هەزار و 486 هاوبەش سوودمەند بوون؛ بڕی لێخۆشبوون 140.91 ملیار دینار بووە و بڕی پارەی کۆکراوەش 163.64 ملیار دینار بووە."
مانگی ئەیلوول:"371 هەزار و 373 هاوبەش سوودمەند بوون؛ بڕی لێخۆشبوون 169.95 ملیار دینار بووە و بڕی پارەی کۆکراوەش گەیشتووەتە 216.79 ملیار دینار."
مانگی تشرینی یەکەم:"170 هەزار و 239 هاوبەش سوودمەند بوون؛ بڕی لێخۆشبوون 92.27 ملیار دینار بووە و بڕی پارەی کۆکراوەش 120.18 ملیار دینار بووە."
کۆی گشتی: "ژمارەی گشتیی هاوبەشانی سوودمەند گەیشتە 951 هەزار و 98 هاوبەش؛ کۆی بڕی لێخۆشبوون بریتی بوو لە 403.13 ملیار دینار و کۆی پارەی کۆکراوەش گەیشتە 500.61 ملیار دینار."
سەبارەت بە شێوازی بەکارهێنانی داهاتی کۆکراوەش، پڕۆژەی رووناکی روونیکردووەتەوە: "داهاتی کۆکراوە بە داهاتی پڕۆژەی رووناکیشەوە، سوودیان لێوەرگیراوە بۆ پڕکردنەوەی بەشێکی خەرجییەکانی سێکتەری کارەبا، کە لە ئێستادا بڕەکەی زیاترە لە 350 ملیار دینار لە مانگێکدا."
هەڵمەتی یەکەمی داشکاندنەکە لە 3ـی مانگی ئاب تاوەکو 10ـی مانگی ئەیلوول بەردەوام بوو؛ دواتر ئەنجوومەنی وەزیران پێداچوونەوەی بۆ هەڵمەتەکە کرد و نوێیکردەوە لە 24ـی ئەیلوول تاوەکو 18ـی تشرینی یەکەم. پڕۆژەکە دەڵێ: "ئەمەش بۆ پێدانی هەڵبژاردە بە هاووڵاتییان لەوەی بتوانن سوود لە داشکاندنەکە وەربگرن، یاخود بە شێوازی قیست قەرزی پێش رووناکی بدەنەوە بەبێ هیچ داشکاندنێک."
بەپێی راگەیێندراوەکە، پێشکەوتنی بەرچاو لە تۆڕی نیشتمانیدا تۆمارکراوە: "تاوەکو ئەمڕۆ، زیاتر لە 90%ـی هاووڵاتییانی کوردستان کارەبای 24 کاژێرییان بۆ دابینکراوە لە رێی پڕۆژەی رووناکی؛ بەپێی نرخە نوێیەکانیش 80%ـی هاووڵاتییان، بەتایبەتی کەمدەرامەتان، بەردەوام پارەیەکی کەمتر دەدەن لە جاران بە بەراورد بەو پارەیەی پێشتر دەیاندا بۆ کارەبای مۆلیدە و کارەبای نیشتمانی."
لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی رووناکیی راگەیاند؛ دواتر لە مانگی ئایاری ئەمساڵ، ئەنجوومەنی وەزیران بەکۆی دەنگ لەسەر نرخە نوێیەکانی کارەبا بڕیاریدا لە چوارچێوەی پڕۆژەی رووناکی.
بڕیارە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کارەبای 24 کاژێری بۆ هەموو ماڵ و شوێنە بازرگانییەکانی کوردستان دابین بکات.


