رووداو دیجیتاڵ
دەروازەی باشماخ لە سنووری شاری مەریوان لە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، وەک دەروازەی فەرمی و تایبەت بۆ هاوردەکردنی قوماش و مۆبایل لە لایەن ئێرانەوە دەستنیشانکرا.
بەپێی بڕیاری گومرگی ئێران، دەروازەی باشماخ خرایە لیستی ئەو دەروازە تایبەتمەندانەی وڵاتەکە کە لێیانەوە قوماش و مۆبایل هاوردە دەکرێ.
لە نووسراوێکی فەرمیی گومرگی ئێراندا کە ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرانی گومرگەکان کراوە، هاتووە کە بڕیارەکە لەسەر بنەمای داواکاریی بەڕێوەبەرایەتیی گومرگی پارێزگای سنە بووە و لەلایەن جێگری کاروباری گومرگی ئێرانەوە رەزامەندیی لەسەر دراوە، بەوەش دەروازەت باشماخ دەبێتە ناوەندێکی فەرمی و رێگەپێدراو بۆ هاوردەکردنی ئەو دوو کاڵایە.
لە رێنماییەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، هەبوونی ژێرخانی تەکنیکی و پێدانی راهێنانی پێویست بە کارمەندان، لەگەڵ چاودێریکردنی وردی چۆنیەتیی جێبەجێکردنی بڕیارەکە، بەپێی یاسا کارپێکراوەکان، راستەوخۆ لە ئەستۆی دەروازە جێبەجێکارەکاندایە.
دەروازەی باشماخ دەکەوێتە 18 کیلۆمەتری شاری مەریوانی سەر بە پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و لە تەنیشت گوندی سنووریی باشماخ هەڵکەوتووە. لە دیوی هەرێمی کوردستانیشەوە دەکەوێتە سنووری پێنجوێن.

