بەڕێوەبەری ناحیەی قەسرۆک: پێویستمان بە پێنج قوتابخانەی تازە هەیە

12-09-2023
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری ناحیەی قەسرۆک رایگەیاند، چەندین پڕۆژە لە ناحیەکەیان بە گوژمەی 8-9 ملیار دینار جێبەجێ دەکرێن، لەوانەش رێگەیەکی 10 کیلۆمەتری بۆ گوندەکانی دەوروبەری ناحیەکە. دەشڵێت، كێشەی کەمیی باڵەخانەی قوتابخانەیان هەیە.
 
کەسێک لە قەسرۆک کە لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداوەوە کرد، رایگەیاند، "رێگەی حەوت گوندیان هەڵگرتووەوە بۆ ئەوەی نۆژەنی بکەنەوە. ئێستا بەڕێوەبەری ناحیە دەڵێ 'نیوەمان پێ چاک دەکرێت'، ژیانمان نەماوە و وا زستانیش دێت، قوتابیان چۆن بچنە قوتابخانە؟"
 
مێهران نێروەیی، بەڕێوەبەری ناحیەی قەسرۆکی سەر بە قەزای شێخان لەوبارەیەوە بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، چەند پڕۆژەیەک لە بواری رێگەوبان جێبەجێ دەکرێن، هەندێک لەو پڕۆژانە لە ناو سەنتەری ناحیەی قەسرۆکن و بەشێکیشیان لە گوندەکانی دەوروبەری.
 
بەڕێوەبەری ناحیەی قەسرۆک گوتی، "ئێستا رێگەی حەوت گوند لەبواری جێبەجێکردندایە کە درێژییەکەی 10 کیلۆمەتر و نیوە، ئەتروش و قەسرۆک بەیەکەوە گرێدەدات، بە گوژمەی نزیکەی 1 ملیار و نیو جێبەجێ دەکرێت بە دوو قۆناخ، قۆناخی یەکەم 5 کیلۆمەترە کە بریتییە لە فراوانکردن و قیرکردنی ئەو شەقامە، ئەو رێگەیە 80٪ تێکچووبوو. قۆناخی یەکەمی چوار مانگی دیکە تەواو دەبێت، دواتر قۆناخی دووەم دەستپێدەکەین."
 
لەبارەی کێشەی ئاوی خواردنەوە لە هاویندا، بەڕێوەبەری ناحیەی قەسرۆک گوتی، "ئەمساڵ کێشەی زۆر گەورەی ئاومان نەبووە، تەنیا یەک گوند نەبێت کە ئاوی بیرەکەیان وشکبووە، ئەویش لە دوو رۆژی داهاتوودا کێشەکەیان چارەسەر دەبێت."
 
مێهران نێروەیی ئاماژەی بە پڕۆژەکانی دیکەی ناحیەکە دا و گوتی، "بە بەهای 5 ملیار دینار پڕۆژەی دیکەشمان هەن لە هەموو سێکتەرەکان وەکو وەرزش، پەروەردە، دروستکردنی باخچە و رێگەکانی نێو سەنتەری ناحیەی قەسرۆک، لەوانە دروستکردنی دووسایدی قەسرۆک و یاریگەیەکی 11 یاریزانی و دوو باخچە لە ناحیەی قەسرۆک و کۆمەڵگەی چڕە، هەروەها پردێکی هاتووچۆی پیادە لە کۆمەڵگەی چڕە."
 
بەڕێوەبەری ناحیەی قەسرۆک لەبارەی جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانە گوتی، "هەموو ئەو پڕۆژانە رەزامەندییان لەسەر دراوە کە گوژمەکەیان 8 تاوەکو 9 ملیار دینار دەبێت."
 
رۆژی چوارشەممە، 13-09-2023، وەزری نوێی خوێندنی 2023 - 2024 لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات، بەڕێوەبەری ناحیەی قەسرۆک دەڵێت لە ناحیەکەیان کێشەی کەمیی باڵەخانەی قوتابخانەیان هەیە، رەزامەندی دراوە بۆ دروستکردنی قوتابخانەیەکی نوێ و هەندێک قوتابخانەشیان هەن کابینەن، ئەوانیش داواکراوە بکرێنە باڵەخانە. دەشڵێت، تەنیا لەنێو سەنتەری ناحیە پێویستیان بە سێ قوتابخانە هەیە، یەکێکی 18 پۆلی و دووی 12 پۆلی، لە کۆمەڵگەی چڕەش پێویستیان بە دوو قوتابخانەیە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترینیان لە سلێمانییە

پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوایین رۆژی دیاریکراو بۆ پێشکێشکردنی لیستی ناوی بەربژێران، لیستەکەی رادەستی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەکات. 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترین بەربژێری لە پارێزگای سلێمانییە.