زیاتر لە 35 تیمی بەرگریی شارستانی سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگری پاڵاوگەکەی گوێڕن

13-06-2024
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئاگرێکی گەورە لەسەر رێگەی هەولێر-گوێر، کەوتووەتەوە، 35 تیمی بەرگریی شارستانی و خەڵک سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنین. پەیامنێری رووداو دەڵێت، چەند کەسێک لە کارمەندانی بەرگریی شارستانی تووشی هەناسەتووندی بوون.
 
ئاگرەکە نزیک کاژێر 20:30 ـی ئەمشەو (چوارشەممە، 12-06-2024) دروستبووە، تاوەکو ئێستا نەتوانراوە کۆنترۆڵ بکرێت. هۆرڤان رەفعەت، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە نزیک شوێنی رووداوەکە دەڵێت، ''بەشێک لە ئاگرەکە بە هەوڵی تیمەکانی بەرگریی شارستانی کۆنترۆڵکرا، بەڵام دووبارە سەری هەڵدایەوە.''
 
جیا لە 35 تیمی بەرگریی شارستانی، خەڵک و تیمی تایبەتی بەرگریی کۆمپانیا و کۆگەکان، کە خۆیان ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوەیان هەیە، سەرقاڵی کوژراندنەوەی ئاگرەکەن.
 
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، ئەو کۆگەیەی لە پاڵاوگەکەدا گڕی گرتووە، کۆگەی قیری شل و نەفتایە، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت کۆنترۆڵکردنی کاتێکی زۆر بخایێنێت و تاوەکو سەرجەم سووتەمەنییەکە نەسووتێت، کوژانەوەی ئەستەم بێت.
 
بەهۆی تەشەنەسەندنی ئاگرەکەوە، تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە عەنکاوە و فڕۆکەخانەی نیودەوڵەتیی هەولێریشەوە گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە، پەیامنێری رووداو گوتی، ''ژمارەیەک لەو تیمانەش کە لە حاڵەتی زۆر پێویستدا نەبێت، بۆ ئاگرکوژێنەوە دەرناچن، ئەوانیش لە شوێنی رووداوەکە ئامادەن.''
 
تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێریش لە ئەگەری هەر رووداوێکی نەخوازراودا لە شوێنی ئاگرەکە ئامادەن. هۆرڤان رەفعەت گوتیشی، چەند کەسێک لە کارمەندانی بەرگریی شارستانی و ئەو کەسانەی کە سەرقاڵی کوژاندنەوەن، تووشی هەناسەتەگی بوون و لەلایەن تیمەکانی تەندروستییەوە چارەسەریان بۆ کراوە.''
 
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان جگە لە هەناسەتەنگیی چەند کارمەندێکی بەرگریی شارستانی، بریندارێکیش هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا بە فەرمی پشتڕاستنەکراوەتەوە.

 

 
دوای زیاتر لە سێ کاژێر هەوڵدان بۆ کوژاندنەوەی، ئاگرەکە زیاتر تەشەنەی سەندووە و  مەترسیی گڕگرتن لەسەر ژمارەیەک تانکیی نزیک شوێنەکە هەیە. تیمەکانی بەرگریی شارستانی هەوڵدەدەن بە ئاوپڕژێن، تانکییەکان سارد بکەنەوە بۆ ئەوەی رێگە لە سووتانیان بگرن.
 
ناوەناوە، دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە پاڵاوگەکە دێت و بەگوتەی شایەتحاڵان چەند تانکەرێک کە سووتەمەنییان تێدا بووە لە ئاگرەکەدا سووتاون.
 
ئەم پاڵاوگەیە دوورە لە شوێنی نیشتەجێبوون، بەڵام بەهۆی ئەوەی پاڵاوگە و کۆگای زۆر لە ناوچەکەدا هەن، کارمەند، کرێکار و خەڵکی زۆری لێ دەبینرێت و لە ئەگەری تەشەنەسەندنی زیاتری ئاگرەکە، مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە.
 
تاوەکو ئێستا رووداوەکە زیانی گیانی نەبووە و بەرگریی شارستانیی هەولێر لەبارەی هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەوە هیچ زانیارییەکی بڵاونەکردووەتەوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە