رووداو دیجیتاڵ
لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان تاقیکردنەوەی توانستی زانستی بەڕێوەچوو؛ زیاتر لە 15 هەزار خوازیار، کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستهێنانی حەوت هەزار 614 کورسی دیپلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا.
مامۆستا سۆزان، یەکێکە لەو خوازیارانە و لە زانکۆی سەلاحەدین بەشداری تاقیکردنەوەکەی کردووە، ئەو دوای ساڵانێک لە بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە بیرکاری دەیەوێت لە هەمان بەش دیپلۆمی باڵا بەدەستبهێنێت.
سۆزان قادر، خوازیارێکە و دەڵێت: حەز و خولیای خۆم بوو کە بخوێنم و ئاستم بەرز بکەمەوە، ئیتر توانیم بەشداری بکەم و خزمەت بەخۆم و ئەو کەسانە دەکەم کە لەگەڵمان کار دەکەن.
لە کورسیەکانی خوێندنی باڵا بۆ ساڵی 2023 هەزار و 834یان بۆ بڕوانامەی دکتۆرا و سێ هەزار و 312 بۆ ماستەر و دیپلۆمی پزیشکی 160 کورسی و دیپلۆمی باڵا دوو هەزار و 308 تەرخانکراون.
ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: 10 هەزار بەس مامۆستامان هەیە لەکاتی گفتوگۆکردن لەسەر بودجە لەگەڵ حکومەتی عێراق ناوی نزیکی هەزار خاوەن بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرامان ناردووە کە دانەمەزراون.
وەک وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت، تەرخانکردنی کورسییەکان بەپێی راپرسی و داواکاری زانستی دیاریکراون و کوردستان پێویستی بەژمارەیەکی زیاتر لە بروانامەی خوێندنی باڵا هەیە، بۆ ئەوەی بتوانن پێداویستی وەزارەتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕبکەنەوە.
ئارام محەممەد دەشڵێت: هەر حەوت هەزار کورسییەکە کە تەرخانکراون پێویستین بۆ دامودەزگەکانی حکومەت، چونکە هەمووی بەپێی پلان و پێویستی دانراون.
دوای دەرچوون لە تاقیکردنەوەی توانستی زانستی خوازیارانی بروانامە باڵاکان، کێبڕکێکەیان بەشێوازی خاڵ دەبێت کە توێژینەوەی زانستی و ساڵی خزمەت بۆیان هەژمار دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ