رووداو دیجیتاڵ
لە زۆربەی بەنزینخانەکانی پارێزگای هەولێر بەنزینی محەسەن و سوپەر دەستناکەوێت. ئەوەش وایکردووە بازاڕی رەش لە سەر شەقامەکان گەرم ببێت، بەجۆرێک نرخی لیتڕێک بەنزینی سوپەر گەیشتووەتە نزیکەی 3 هەزار دینار و یەک دەبەی 17 لیتری بە 50 تاوەکو 60 هەزار دینار بە شوفێران دەفڕۆشرێت.
بەشێک لە شوفێران کە بزوێنەری ئۆتۆمبێلەکانیان بە بەنزینی نۆرماڵ کار ناکات، بەناچاری روویان لە سەر شەقامەکان کردووە بۆ کڕینی بەنزینی دەبە و جێلیکان، چونکە لە بەنزینخانەکان دەستیان ناکەوێت.
شاخەوان نەجم، کاسپکارێکە لە هەولێر و دەڵێت: "لێرە بە جێلیکان بەنزینم تێکردووە، دەبەیەکم بە 50 هەزار دینار کڕی، چونکە لە هیچ بەنزینخانەیەک دەستم نەکەوت."
محەممەد مستەفا، کارمەندی کەرتی تایبەتە، ئاماژە بەوە دەکات سەردانی 21 بەنزینخانەی کردووە، بەڵام دەستی نەکەوتووە، بۆیە بەناچاری لە سەر شەقام کڕیویەتی.
کاروان ئۆمێد، شوفێری هێڵەکانی دەرەوەش هەمان کێشەی هەیە و گوتی: "بەنزینم لەسەر شەقام بە دەبە تێکرد، یەک دەبە 17 لیترە بە 50 تاوەکو 60 هەزار دینار بوو."
کێشەکە وایکردووە بەشێک لە هاووڵاتییان بەتەواوی ئۆتۆمبێلەکانیان رابگرن. ئەحمەد تەها، دوکاندارێک لە هەولێر دوو رۆژە ئۆتۆمبێلەکەی لەبەر دوکانەکەی راگرتووە و دەڵێت: "سەردانی 20 بەنزینخانەم کردووە نەبووە. ئۆتۆمبێلەکەم پێویستی بە بەنزینی ئۆکتان بەرز و سوپەرە، چونکە دەستم ناکەوێت، ناچارم رایبگرم."
هۆکاری کەمبوونەوەی بەنزینی سوپەر و محەسەن چییە؟
خاوەن بەنزینخانەکان چارەسەری ئاساییبوونەوەی دۆخەکە لە ئازادکردنی بازاڕی بەنزیندا دەبیننەوە، تاوەکو نرخەکان لەسەر بنەمای تێچووی رۆژانە دیاری بكرێن، نەک بەپێی نرخی دیاریکراوی حکومی (1000 دینار بۆ محەسەن و 1200 دینار بۆ سوپەر).
شێروان عوسمان، خاوەنی بەنزینخانەیە لە هەولێر، هۆکاری سەرەکیی کەمبوونەوەکە بۆ پچڕانی هەناردەی ماددە بەراییەکان لە ئێرانەوە دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت: "لە چەند رۆژی رابردوودا ئەمریکا هێرشی کردووەتە سەر کارگە پترۆکیمیاییەکانی ئێران، بەوهۆیەوە ئەو ماددەیەی بۆ دروستکردنی سوپەر و محەسەن بۆمان دەهات ئێستا نایەت، زۆر کەم بووەتەوە و زۆر گران بووە."
ئەو خاوەن بەنزینخانەیە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر بازاڕ ئازاد بكرێت، "لیتری بەنزینی محەسەن بە 1700 دینار دەستمان دەکەوێت و بە 1800 تاوەکو 1850 دینار دەیدەینەوە، سوپەریش بە نزیکەی 2000 دینار دەستمان دەکەوێت."
پێشنیازێک بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لە کۆبوونەوەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەگەڵ پارێزگار و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان، یەکێک لە پێشنیازە سەرەکییەکان ئەوە بووە بەنزینی نۆرماڵی 750 دیناریی حکومی بکرێتە کۆپۆن، لە بەرامبەردا رێگە بدرێت بەنزینی محەسەن و سوپەر بە نرخ و تێچووی ڕۆژ لە بازاڕدا بفڕۆشرێن.
.jpeg&w=3840&q=75)

