رووداو دیجیتاڵ
خراپیی کوالێتیی بەنزین لە هەولێر کێشەی گەورەی بۆ شوفێران دروستکردووە و بازاڕی فیتەرەکانی گەرمکردووە.تەنیا لەم مانگەدا 23 ئۆتۆمبێل سووتاون بەشێکی هۆکارەکەی بۆ خراپیی بەنزین دەگەڕێتەوە، هاوکات لایەنە پەیوەندیدارەکانیش لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا 20 بەنزینخانەیان داخستووە.
محەممەد عیماد، 12 ساڵە لە هەولێر فیتەرە، ئاماژە بەوە دەکات لە دەستپێکی کارییەوە تاوەکو ئێستا بەهۆی خراپیی بەنزینەوە ئەوەندە سەرگەرم نەبووە. ئەو رۆژانە فیولپەمپی نزیکەی 10 ئۆتۆمبێل دەگۆڕێت بەهۆی بەنزینی خراپەوە سووتاون.
ئەو فیتەرە بە ئاماژەدان بۆ کۆمەڵێک فیولپەمپی سووتاو گوتی: "ئەمانە هەمووی هی ئەم مانگەیە گۆڕیومە. لە سایەی ئەم بەنزینە خراپەوە تەنیا 3 ملیۆن دینار قازانجم کردووە."
لە ناوچە پیشەسازی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێل لە هەولێر، دیمەنی ئەو ئۆتۆمبێلانەی بەهۆی خراپیی کوالێتیی بەنزینەوە پەکیان کەوتووە بووەتە دیاردە.
رێبوار سابیر، شوفێرێکە لە هەولێر و سەبارەت بە کێشەی ئۆتۆمبێلەکەی دەڵێت: "رۆژانە دەبێت دوو جار سەری تانکیی بەنزینەکەم بکەمەوە چونکە غازات دەکات، ئێستاش ئۆتۆمبێلەکەم تێکچووە و کێشی باش نییە."
وەلید حەسەن، شوفێرێکی دیکەیە بەهۆی هەمان کێشەوە رووی لەناوچەی پیشەسازی کردووە، سەرسوڕمانی خۆی لەو خەوش و پیسییەی لە نێو تانکیی ئۆتۆمبێلەکەیدا کۆبووەتەوە دەربڕی و گوتی: "نازانم ئەم هەموو خرت و خارە چییە لە نێو تانکیی بەنزیندا! دوێنێش نیو ئەوەندەی ئێستام دەرهێناوە، ئۆتۆمبێلەکەم تێکچووە و ناکەوێتە سەر پێ."
بازاڕی ماددەی ئۆکتان گەرم بووە
خراپیی کوالێتیی بەنزین، فرۆشتنی ماددەی بەرزکەرەوەی ئۆکتانی لە بازاڕدا زیاد کردووە، شوفێران بۆ رێگریکردن لە تێکچوونی ئۆتۆمبێلەکانیان، ئەو ماددانە لەگەڵ بەنزین تێکەڵ دەکەن.
هێمن حەمەڕەشید، شوفێر، گوتی: "بەنزینی هەولێر کوالێتیی خراپە و ئۆکتانی نزمە، بۆیە ناچارم ئەم دەرمانەی تێبکەم تاوەکو کوالێتییەکەی بەرز بکەمەوە."
ئیبراهیم قادر، ئەویش فیتەرە، باسی لە زیاتربوونی بەکارهێنانی ئەو ماددانە کرد و گوتی: "پێشتر بە هەفتەیەکیش سەلەی خاشاکی دووکانەکەم بە قوتووی خاڵیی ئۆکتان پڕ نەدەبوو، بەڵام لە دوێنێوە تاوەکو ئەمڕۆ خەریکە پڕ دەبێت، چونکە بەنزینەکە خراپە و خەڵک ناچارە بەکاریبهێنێت."
سووتانی ئۆتۆمبێل و سزادانی بەنزینخانەکان
کێشەی بەنزین تەنیا خراپبوونی ئۆتۆمبێل نییە، بەڵکو مەترسیی سووتانیشی لێکەوتووەتەوە. بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر، تەنیا لەم مانگەدا 23 ئۆتۆمبێل سووتاون بەشێکی هۆکارەکەی بۆ خراپیی بەنزین دەگەڕێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی سوتەمەنیی هەولێر رایگەیاندووە، لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا 20 بەنزینخانەیان بەهۆی فێڵکردن و فرۆشتنی بەنزینی نۆرماڵ بە ناوی بەنزینی سوپەر و محسەنەوە داخستووە.


