نێچیرڤان بارزانی: زۆر خەمبار بووم بە هەواڵی گیانلەدەستدانی بێرلسکۆنی

12-06-2023
هەوراز حوسێن @Hawrazkadir
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تویتەر "خەمباری" خۆی بەبۆنەی کۆچی دوایی سیلڤیۆ بێرلسکۆنی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیتاڵیا دەربڕی.
 
رۆژی دووشەممە 12-6-2023، سیلڤیۆ بێرلسکۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا دوای شەش هەفتە مانەوەی لە نەخۆشخانە و تووشبوونی بە شێرپەنجەی خوێن کۆچی دواییکرد.
 
نێچیرڤان بارزانی هەمان رۆژ سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی خێزان و هاوڕێیانی کرد و خەمباری خۆی بە بیستنی هەواڵەکە دەربڕی.
 
لە تویتەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا هاتووە: "زۆر خەمبار بووم کە کۆچی دوایی سیلڤیۆ بێرلسکۆنی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیتاڵیایان پێ راگەیاندم."
 
لە بەشێکی دیکەی نامەی سەرەخۆشییەکەی نێچیرڤان بارزانیدا نووسراوە، "سەرەخۆشی قووڵی خۆم ئاراستەی خێزان، هاوڕێیانی و خەڵکی ئیتاڵیا دەکەم؛ بیر و نزاکانم لەم کاتە سەختەدا لەگەڵیاندایە."
 
سیلڤیۆ بێرلسکۆنی 29ی ئەیلوولی 1936 لە شاری میلان لە ئیتاڵیا لەدایکبووە؛ دووجار لە ساڵەکانی 1965 و 1990 ژیانی هاوژینی پێکهێنا و 5 منداڵی هەیە.
 
لە سەرەتای تەمەنی گەنجییدا دەستی بە کڕین و فرۆشتنی موڵک کرد و دواتر لە ساڵی 1980 کۆمپانیای کاندێلا 5ـی دامەزراند، کە دوای دامەزراندنی، بووە گەورەترین کۆمپانیای بەرهەمهێنانی ریکلام لە ئیتاڵیا؛ هەروەها لە ساڵی 1986 بۆ 2017 خاوەنی یانەی ئەی سی میلان بوو.
 
لە ساڵی 1993 پارتی فۆرزا ئیتاڵیا کە بە واتای 'ئیتاڵیا بۆ پێشەوە' دێت، لەسەر دەستی بێرلسکۆنی دامەزرا و لە 1994 گەیاندییە سەر کورسیی سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا. بێرلسکۆنی یەکەم سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا بوو لە مێژوودا کە پێش گەیشتن بە ترۆپکی دەسەڵات لە حکومەتدا، پێشتر پۆستێکی دیکەی حکومی نەبووبێت.
 
ماوەی سەرۆکوەزیرانیی دووەمی بێرلسکۆنی لە 2001 بۆ 2006 درێژترین ماوەی سەرکردەیەکی ئیتاڵی بووە لەو پۆستەدا لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە؛ ئەو بۆ جاری سێیەم لە 2008 دەسەڵاتی گرتەوە دەست، بەڵام لە 2011 بەهۆی قەیرانی سەختی ئابوورییەوە لە ئیتاڵیا، ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کرا. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گومرگی کرماشان.

گومرگی کرماشان: لە سێ مانگدا 850 ملیۆن دۆلار کەلوپەل هەناردەکراوە

بەڕێوەبەری گومرگی کرماشان دەڵێت، لە سێ مانگدا هەناردەی کەلوپەل لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایەوە بەراورد بە پار 7٪ زیادیکردووە و گەیشتووەتە 845 ملیۆن دۆلار.