رووداو دیجیتاڵ سەرۆکی لقی کەرکووکی یەکێتیی بەڵێندەرانی عێراق دەڵێ، کارکردن لە زیاتر لە 250 پڕۆژە لە پارێزگای کەرکووک بەهۆی خەرجنەکردنی شایستە داراییەکانەوە راگیراوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە بەهۆی "بێ ئومێدبوون"یان لە بەڵێنەکانی حکومەت، مانگی داهاتوو لە بەغدا خۆپێشاندانی سەرتاسەریی بەڵێندەران ئەنجام دەدرێ. نەوزاد ئەنوەر، سەرۆکی لقی کەرکووکی یەکێتیی بەڵێندەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وەک بەڵێندەرانی کەرکووک، نزیکەی دوو ساڵە "بڕی 240 بۆ 270 ملیار دینار"یان وەک شایستەی دارایی و (سلفە) لای حکومەتە، تاوەکو ئێستا خەرج نەکراوە. 700 ملیار دینار بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکان سەبارەت بە چارەنووسی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی شارەکە، نەوزاد ئەنوەر گوتی: "ئەگەر بمانەوێ هەموو ئەو پڕۆژانەی لە کەرکووک کە چەند ساڵێکە دەستیان پێکراوە، تەواو بکرێن، پێویستمان بە زیاتر لە 700 ملیار دینارە." بە گوتەی نەوزاد ئەنوەر، لە کەرکووک هیچ پڕۆژەیەک نەماوە کاری تێدا بکرێ و رایگەیاند: "هەموو پڕۆژەکان وەستاون؛ یەک پڕۆژە نییە کاری تێدا بکرێ؛ زیاتر لە 250 پڕۆژە لە کەرکووک پەکیان کەوتووە." خۆپێشاندان لە بەغدا دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکایەتیی کۆمار، سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی، بەڵێندەران دەڵێن گەیشتوونەتە بنبەست. سەرۆکی لقی کەرکووکی یەکێتیی بەڵێندەرانی عێراق گوتی: "هەموومان بێ ئومێد بووین، بۆیە وەک یەکێتیی بەڵێندەرانی عێراق بڕیارمان داوە رۆژی دووی تەممووز لە بەغدا خۆپێشاندانێکی گەورە بکەین و ئەمە هەموو پارێزگاکانی عێراق دەگرێتەوە." سەرۆکی لقی کەرکووکی بەڵێندەران رەخنەی تووندی لە شێوازی کارگێڕیی دارایی حکومەتەکەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق کرد و گوتی: "ئەمە شکستێکی کارگێڕی و دارایی حکومەتی عێراقە. راوەستانی پڕۆژەکان زیانی گەورەی بە ژێرخانی شارەکە گەیاندووە، چونکە پڕۆژەیەک کە چەند ساڵێکە نیوەچڵ جێهێڵدراوە، تووشی داخوران دەبێت و شێوەی ناشرین دەبێت."
کوردستان27-06-2026پارێزەرەکەیان لە جۆلەمێرگ: دوو هاونیشتمانییەکەی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەشکەنجە دراون