رووداو دیجیتاڵ سەرۆکی ژووری کاسبکارانی جۆلەمێرگی باکووری کوردستان و پارێزەری ئەو دوو هاونیشتمانییەی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە باکووری کوردستان دەستگیرکراون، قسەیان بۆ رووداو کرد. رۆژی 15ی ئایاری 2026 هێزەکانی جەندرمە دوو هاونیشتمانی بە ناوەکانی (رەسوول بیماری) تەمەن 48 ساڵ و (سەڵاح بیماری) تەمەن 39 ساڵیان لە شەمزینان لە پارێزگای جۆلەمێرگی باکووری کوردستان دەستگیرکرد. موحەڕەم تەکین، سەرۆکی یەکێتیی ژوورەکانی کاسبکاران و پیشەوەرانی جۆلەمێرگ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەداخەوە کە ئەو دوو کەسە بە تووندی ئەشکەنجە دراون. بێگومان پارێزەر و یەکێتیی سەندیکای پارێزەران چاودێریی دۆسیەکە دەکەن. ئەو دوو کەسە لە شەمدینلی لەلایەن جەندرمەوە دەستگیرکراون". موحەڕەم تەکین رایگەیاند، ئەو دوو کەسە گوێزراونەتەوە گرتووخانەی جۆلەمێرگ و گوتی: "قسە لەسەر ئەوە هەیە کە لە شوێنی دەستگیرکردن و لە گرتووخانەیشدا ئەشکەنجە دراون، بە جۆرێک لەگەڵ لێدان ددانیان شکاوە. پارێزەر چووە و رووبەڕوو قسەی لەگەڵ کردوون. دوای ئەوەی ئەو دوو کەسە بە پارێزەرەکەیان گوتووە کە ئەشکەنجە دراون، ئینجا بابەتەکە بووە رۆژەڤ و بڵاوبووەوە". ئەو پارێزەرەی سەردانی کردوون قسەی بۆ رووداو کرد دیندار کۆچ کە پارێزەری دۆسیەی ئەو دوو هاونیشتمانییەی رۆژهەڵاتی کوردستانە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، رووبەڕوو ئەو دوو هاونیشتمانییەی بینیوە و بە رووداوی گوت: "ئەو دوو کەسە شوانن و ویستوویانە لە رێگەی دەروازەی سنووریی ئەسەندەرە (لەنێوان رۆژهەڵات و باکووری کوردستان) خۆیان بگەیەننە هەکاری (جۆلەمێرگ) بۆ شوانی. ئەمە لەکاتێکدایە، ئێستا لەو دەروازەیەوە هاتووچۆ وەستاوە. ئەو دوو کەسە ویستوویانە بە قاچاخ بپەڕنەوە". دیندار کۆچ گوتی: "زانیاریمان بەدەست گەیشت سەبارەت بە ئەشکەنجەدانی ئەو دوو کەسە، بەتایبەتی لەکاتێکدا هێزەکانی ئاسایش کە قەدەخەیە بڕۆنە نێو گرتووخانە، بەسەر ئەو دوو کەسەیان داداوە و لە ژوورەکانیان دەریانهێناون". هەر بە گوتەی پارێزەر دیندار کۆچ بۆ رووداو، سەڵاح بیماری لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە مارکێت کاری کردووە، بەڵام مووچەکەی بەشی بژێوی نەکردووە. دوای ئەوەی داوای لە خاوەن مارکێتەکە کردووە مووچەی بۆ زیاد بکات و داواکارییەکەی رەتکراوەتەوە، بڕیاری داوە لەگەڵ رەسوول بچێتە جۆلەمێرگ و لەوێ شوانی بکەن. پارێزەرەکەیان رایگەیاند، رەسوول ئامۆزای سەڵاحە و پێشتر لە باکووری کوردستان سێ ساڵ شوان بووە و دەڵێ: "ئەوان پەیوەندییان بە کۆڵبەرییەوە نییە و شوانن". لەبارەی چۆنیەتیی دەستگیرکردنیان، دیندار کۆچ گوتی: "کاتێک ئەوان رۆژی 15ی ئایاری 2026 لە سنوور دەرچوون، سەرەتا هێزەکانی سنووریی تورکیا تەقەیان لێکردوون. دواتر درۆنیان بۆ هەڵساندن و دەستگیریان کردوون. دواتر جەندرمە چووەتە ئەوێ و ئەو دوو کەسەی بە موختار نیشان داوە و پرسیویەتی: تۆ ئەمانە دەناسیت؟ موختار گوتوویەتی: رەسوول دەناسم و لێرە شوانی کردووە. بنکەی هێزە سنوورییەکان نانیان بەو دوو هاونیشتمانییە داوە، بەڵام دواتر جەندرمە بردوویانن. لە کاژێر 12ی نیوەڕۆوە هەتا چواری ئێوارە ئەشکەنجەیان دراوە". پارێزەر دیندار کۆچ هەروەها دەڵێ، لە دووەم رۆژی ئەشکەنجەدا جەندرمە رەسوولیان بردووەتە شوێنێک کە کامێرای لێ نەبووە و ئینجا پاڵیان خستووە. یەکێکیان پێی لەسەر پشتی داناوە و زۆر بە تووندی ئەشکەنجەیان داوە. رەسول بیماری: لە ژوورێکی بێ کامێرادا رووت کرامەوە لەو راپۆرتەی پارێزەرەکە کۆپییەکی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو ناردووە، لە سەر زمانی رەسوولەوە هاتووە: "چوار کاژێر منیان لە نهۆمی خوارەوە لە ژوورێکی بێ کامێرادا هێشتەوە و ئەشکەنجەیان دام. ئێوارە پارێزەران هاتن و لە کاتی وەرگرتنی گوتەدا ئامادە بوون. بە پارێزەرەکەمم گوت کە رووبەڕووی ئەشکەنجە بوومەتەوە و ددانەکانمیان شکاندووە، بەڵام ئەو گوتی (من چی بکەم؟). شەو لە گرتووخانە ماینەوە. بەیانی کاژێر هەشت منیان بردە نهۆمی خوارەوە، رووتیان کردمەوە و دەستیان بە ئەشکەنجەدانم کرد. بە دەمدا پاڵیان خستم و یەکێکیان بە پێ لەسەر پشتم وەستا. بۆ چوار رۆژ خوێنبەربوونم هەبوو و نەمدەتوانی بڕۆمە توالێت. هەمان بەیانی دوای من، سەڵاحیشیان برد و ئەشکەنجەیان دا؛ شوێنی جیاجیا لە جەستەمان شین و مۆر ببووەوە". کۆچ هەروەها رایگەیاند، ئەو دوو هاونیشتمانییە رۆژی 18ی ئایار گوێزراونەتەوە گرتووخانەی جۆلەمێرگ؛ هەروەها گوتی: "ئەوان رۆژی 18ی ئایار گوێزرانەوە گرتووخانە. بەڵام کاتێک پشکنینیان بۆ دەکەن، دەبینن ددانیان شکاوە و هەموو جەستەیان شوێنی لێدان و زەبرە. بەڕێوەبەری گرتووخانە گوتوویەتی، بەمجۆرە وەریانناگرین و پێویستە لە نەخۆشخانە راپۆرتیان لەسەر ئامادە بکرێ". ئەو پارێزەرە هەروەها رایگەیاند، سەرەڕای داواکاریی زۆری سەڵاح و رەسوول، تاوەکو رۆژی 10ی حوزەیرانی 2026 رێگەیان نەداوە هیچ کەسێک سەردانیان بکات. رۆژی 10ی حوزەیران ئینجا چاویان بە خێزانیان کەوتووە. پارێزەرەکەیان دەڵێ، ئەمە بە هەموو شێوەیەک نایاساییە و پێشێلکارییە. بەگوێرەی ئەو راپۆرتەی پارێزەر دیندار کۆچ ئامادەی کردووە، سەڵاح گوتوویەتی: "کاتێک بڕیاری زیندانیکردنمان بۆ دەرچوو، ئێمەیان بردە زیندانی داخراوی جۆری (T) لە جۆلەمێرگ. رۆژی 10ـی حوزەیرانی 2026، چاومان بە خێزانەکەمان کەوت. دوای بینینی خێزانەکانمان، نانی نیوەڕۆمان خوارد. دەستبەجێ منیان لە ژوورەکە بردە دەرەوە و بردیانم بۆ نهۆمی خوارەوە. لە نهۆمی خوارەوە، یەکێک لەوانەی لە ئاسایشی شەمدینان ئەشکەنجەی دابووین لەگەڵ سێ کەسی دیکە لەوێ بوو. لەوێ هەڕەشەیان لێ کردم و پرسیاریان لێ کردم، بەڵام تووندوتیژییان بەرامبەر بەکارنەهێنام". دیندار کۆچ بە رووداوی راگەیاند، سەرەتا چوونەتە سەردانی ئەو دوو کەسە و رووبەڕوو بینیویانن، هەردووکیان تۆقیون و ترساون؛ وایانزانیوە پارێزەر سەر بە هەواڵگری و جەندرمەیە. بەڵام دواتر کە خۆی پێ ناساندوون، هەموو رووداوەکەیان بۆ باسکردووە. پارێزەر دیندار کۆچ رایگەیاند، ژمارەیەک پارێزەر و سەندیکای پارێزەرانیش بە جیدی چاودێریی دۆسیەکە دەکەن.