رووداو دیجیتاڵ
لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ زیانبەرکەوتووانی ئاگرەکەی بازاڕی قەیسەری، ئۆمێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ژمارەیەک بڕیار و رێکاری راگەیاند. زیانبەرکەوتووان 100٪ لە باجی ئەم ساڵ دەبەخشرێن و دەتوانن قەرزی بێ قازانج (فائیز) وەربگرن.
لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، ئومێد خۆشناو باسی لەو کۆبوونەوەیە کرد کە ئەمڕۆ یەکشەممە، 12-5-2024 لەگەڵ زیانبەرکەتووانی ئاگرەکەی بازاری قەیسەری لە دیوانی پارێزگا سازیکرد.
ئومێد خۆشناو زیانلێکەوتووانی دڵنیا کردەوە کە "بەتەنیا جێتاناهێڵین و ئەوەى لە تواناماندابێت درێخى لێناکەین".
ئومێد خۆشناو بڕیارەکانی خستوونەتەڕوو، بەمشێوەیە:
یەکەم: دەستکردن بە لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە لە هۆکارى کارنەکردنى سیستمى جێگیرى ئاگر کوژێنەوەى بازاڕى قەیسەرى.
دووەم: پاککردنەوە و رێکخستنەوەى سەرتاسەرى بازاڕەکە و کردنەوەى بە رووى هاوڵاتییان.
سێیەم: لەو شوێنەى بازاڕى قەیسەرى کە بە هۆى ئاگرەکەوە زیانیان بەرکەوتووە، لە زووترین کاتدا دەست دەکرێت بە نۆژەنکردنەوەى ناوەوەى دوکانەکان و دەرەوە و کۆڵانەکان و بنمیچی گشتیى بازاڕەکە.
چوارەم: چارەسەرکردنى سەرجەم کەم و کوڕییەکانى ئاو و کارەباى بازاڕەکە.
پێنجەم: هەڵگرتنى سەرجەم سەرپێچى و زێدەڕۆییەکان و هەموو ئەو مەترسیانەی دەبنە هۆکارى دروستبوونى رووداوى هاوشێوە، بە تایبەتى رێگریکردن لە هەڵواسینی پەردە لە دوکانەکان کە هۆکاری سەرەکی تەشەنەسەندنى ئاگرەکە بووە.
شەشەم: ئەو پاسەوانانەی بۆ پاراستنی بازاڕی قەیسەریی هەولێر لەلایەن کۆمپانیایەکى تایبەتى سیکیوریتی دانرابوون، نامێنن و لە شوێنى ئەوان پاراستن و ئەمنییەتی بازاڕەکە بە پۆلیس سپێردرا.
حەوتەم: هەر دوکاندارێک کە کرێچى حکومەت بێت و لەو ئاگرکەوتنەوەیەدا زەرەر و زیانى پێگەیشتبێت، لە کرێى یەک ساڵى دوکانەکەى دەبەخشرێت.
هەشتەم: سەرجەم ئەو دوکاندارانەى کە لە ئاگر کەوتنەوەکەدا زەرەمەندبوون لە کرێى (6 مانگى) زبڵ و خاشاک و تابلۆى دوکانەکانیان دەبەخشرێن.
نۆیەم: سەرجەم ئەو دوکاندارانەى لە ئاگر کەوتنەوەکەدا زیانیان پێگەیشت، بۆ ساڵى 2023 لە (50%) ى باج و بۆ ساڵى 2024 لە (100%) ى باج دەبەخشرێن.
دەیەم: هەر دوکاندارێک بەهۆى کەوتنەوەى ئاگر لە بازاڕى قەیسەرى زەرەرمەند بووبێت، دواى وەرگرتنى نووسراوى پشتگیرى لە بەڕێوەبەرایەتى قەیرانەکانى پارێزگاى هەولێر، دەتوانێت لە وەرگرتنى قەرزى بێ قازانج لە "بانکى جیهان" بەپێى رێنماییەکانى بانکى ناوەندى بۆ ماوەى (24) تاکوو (36) مانگ سوود مەندبێت.
یازدەیەم: هەر دوکاندارێک بەهۆى ئاگرکەوتنەوەکە، پارەى لە نێو دوکانەکەى (تەنها دینارى عێراقى) سووتابێت و بەڵگەى پێویستى لە بەر دەست بێت، لایەنە پەیوەندیدارەکانى حکومەت هاوکارى دەبن بۆ قەرەبووکردنەوەى لە بانکى ناوەندى لقى هەولێر.
پارێزگاری هەولێر هەروەها رایگەیاند، هەموو خەڵکی هەولێر دڵگران و خەمبارن بە سووتانی ئەو بازاڕە، چونکە بازاڕی قەیسەری و قەڵا و منارە، ناسنامەی شارەکەیە.
لەبارەی هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە، ئومێد خۆشناو رایگەیاند، لێکۆڵینەوە بەردەوامە. داواشی لە کاسبکاران کرد ئەگەر هەر گومانێک یان زانیارییەکیان لایە بە تیمەکانى لێکۆڵینەوەی بدەن. هاوکات بەڵینی بە کاسبکاران دا بەم نزیکانە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بۆ راى گشتیى رادەگەیەندرێت و هۆکاری سەرەکیی ئاگرکەوتنەوەکەش ئاشکرا دەکرێت.
پارێزگارى هەولێر هەروەها رایگەیاند: "سەرجەم لایەنەکان ڕاسپێردراون لەگەڵتان دابن لە نۆژەنکردنەوەى بازاڕەکە و ئێمەش بە هەموو شێوەیەک پاڵپشت و هاوکارتانین، ئێوەش هەماهەنگى تیمەکانبن، لە ئەمڕۆوە دەست بکەن بە نۆژەنکردنەوەى دوکانەکانتان و دەست بە کار و کاسبی خۆتان بکەنەوە، دڵنیاشبن وەکوو پارێزگاى هەولێر و حکومەتى هەرێمى کوردستان هەرچى پێویست بێت درێغی لێناکەین".
کاژێر 09:30ی شەوی دووشەممە 5ی ئایار، ئاگر لە بازاڕی قەیسەریی شاری هەولێر کەوتەوە و بەگوێرەی راگەیێندراوی پارێزگای هەولێر، لە کۆی 4000 دووکانی نێو بازاڕەکە، 227 دوکان سووتان و زیانیان بەرکەوتووە.
بازاڕی قەیسەریی هەولێر لەسەر رووبەری 50 هەزار مەتر چوارگۆشە بنیاتنراوە و تەمەنی زیاتر لە 200 ساڵە، لەدوای سووتانەکەوە تاوەکو ئێستا جموجووڵ تێیدا وەستاوە، رۆژی دوای ئاگرکەوتنەوەکە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی بازاڕەکەی کرد و رایگەیاند، تاوەکو ئێستا هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە نەزانراوە و بۆ نۆژەنکردنەوەش دەبێت هاوئاهەنگی لەگەڵ یونیسکۆ بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ