10 حیزب و لایەنی تورکمانی بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان راگەیاند

12-03-2024
هیدایەت جان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ژمارەیەک لە حیزب و لایەنی تورکمانیی هەرێمی کوردستان بەهۆی بڕیاری دادگەی فیدراڵی سەبارەت بە نەهێشتنی کورسی کۆتا، بایکۆتی هەڵبژاردنیان راگەیاند و دەڵێن؛ "تاوەکو ئەوکاتەی ستەمی کۆتای پێکهاتەکان هەڵدەگیرێت، بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەن".
 
رۆژی سێشەممە، 12ـی مارسی 2024، لە هەولێر 10 حیزب و لایەنی تورکمانی بۆ تاوتوێکردنی پرسی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمان کۆبوونەوە و دوای کۆبوونەوەکەیان راگەیەنراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.
 
دوای کۆبوونەوەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا کەرخی ئاڵتی بەرماخ، ئەندامی خولی دووەمی پەرلەمانی کوردستان، بەیاننامەی حیزب و لایەنە تورکمانەکانی خوێندەوە و گوتی: "دادگەی فیدراڵی و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەو بڕیارە بێ پاساو و زاڵمانەیان لە بێبەشکردنی پێکهاتە رەسەنەکانی کوردستان بۆ مومارەسەی مافە دیموکراتییەکانیان، برینێکی قووڵیان خستە جەستەی تاک بە تاکی نەتەوەکەمان".
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "وەکو پارت و لایەنە سیاسییەکانی تورکمان لەبارەی دوایین بڕیارەکانی دادگای فیدراڵ، پەیوەست بە یاسای هەڵبژاردن و کورسی کۆتا نیگەرانی خۆمان دووپاتدەکەینەوە و جەخت دەکەینەوە، کە بڕیارەکان نادەستوورین و هۆکاری سیاسییان لەپشتە".
 
پارت و لایەنە تورکمانەکان پێیانوایە؛ "نەهێشتنی کورسی کۆتا لە پەرلەمانی کوردستان ناکۆکە لەگەڵ یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکان کە تێیاندا کورسی کۆتا بۆ پێکهاتەکان تەرخانکراون و ناکۆکە لەگەڵ مادەی 49، بڕگەی یەکەم و مادەی 125ـی دەستووری عێراق".
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا ئاماژەدراوە: "ئەو بڕیارانە کولتووری پێکەوەژیان و یەکترقبوڵکردن لە کوردستان بەرەو لاوازی دەبات، بۆیە داوا لە نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرجەم کۆنسوڵ و نوێنەرایەتیی وڵاتان، سەرۆککۆماری عێراق، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەکەین رۆڵی خۆیان ببینن و نەهێڵن ئەو ستەمەی لە رێگەی بڕیاری دادگای فیدراڵ دەرچووە، بەسەر پێکهاتەکاندا بسەپێنرێت".
 
حیزب و لایەنە سیاسییەکانی تورکمان داوا لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکەن، "بە هانای پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستانەوەبێن و نەهێڵن مافە دەستوورییەکانمان پێشێلبکرێن".
 
لەبارەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە 10ـی حوزەیران بەڕێوەبچێت، ئەو 10 حیزب و لایەنە تورکمانییە رایانگەیاند؛ "وەکو حیزب و لایەنە تورکمانییەکان بڕیارماندا بایکۆتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکەین، تاوەکو ئەوکاتەی ستەمی کۆتای پێکهاتەکان هەڵدەگیرێت و پرۆسەی سیاسیی و دیموکراسی دەکەوێتەوە سەر رێگەی راست".
 
رۆژی چوارشەممە، 21-02-2024، دادگەی فیدراڵیی عێراق سکاڵایەکی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان یەکلاکردەوە، 11 کورسیی کۆتای پەرلەمانی کوردستانی کەم کردەوە و رایگەیاند، نابێ کورسییەکان لە 100 زیاتر بن.
 
راگەیەندراوەکە لەلایەن 10 حیزب و دوو کەسایەتی تورکمانی واژووکراوە کە بریتین لە؛ بزووتنەوەی تورکمانیی سەربەخۆ، پارتی چاکسازی تورکمان، سەرۆکی حیزبی جەماوەری تورکمانی، کۆمەڵەی رۆشنبیریی تورکمانی، حیزبی نیشتمانیی تورکمان، بزووتنەوەی دیموکراتی تورکمان، پارتی گەشەپێدانی تورکمان، پارتی رزگاریی نەتەوەیی تورکمان، پارتی دیموکراتی تورکمان، کۆمەڵەی لیبراڵیی تورکمان، سارە دڵشاد، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و مونا قەهوەچی، سکرتێری خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."