بەفر بازاڕی ناوچە گەشتیارییەکانی لە هەرێمی کوردستان گەرم کردووەتەوە

13-01-2024
ئەندام جەبار
.
.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

چەند رۆژێکە بەفربارین لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە، بەفربارینەکە بازاڕی ناوچە گەشتیارییەکانی گەرم کردووە، گەشتیارێکی زۆر روویان لە چیای کۆڕەک کردووە و بۆ گەیشتن بە لووتکەی شاخەکە نۆرەیەکی دوورودرێژیان گرتووە.
 
ئەو گەشتیارانە لە ناوچە و شوێنی جیاوازەوە هاتوون، بەشی زۆریان گەشتیاری خواروو و نێوەڕاستی عێراقن، بەفر سەرنجی راکێشاون.
 
رنا ئەحمەد، یەکێکە لەو گەشتیارانە و دەڵێت، لەڕاستیدا ئەمە جاری یەکەمە دێین چونکە سەرقاڵین لە بەغدا بەئیش و کاری رۆژانە و دەوام، بینیمان کە گەشت هەیە بۆ کوردستان بڕیارماندا بێین و جەوەکە زۆر خۆشە."
 
محەممەد ئیسماعیل، گەشتیارێکی دیکەیە گوتی، "هەموو ساڵێک کە بەفر دەبارێت لە هەولێرەوە دێم بۆ ئێرە لەگەڵ خێزانەکەم دۆست و خۆشەویستانمان."
 
"من خەڵکی رۆژئاوام و ئەمەش خەڵکی بەغدایە ئێمە هاتوینەتە ئێرە کەیف و خۆشی بکەین، بەفر ئێمەی لێرە کۆکردەوە" ئەمە گوتەی نالین عومەرە گەشتیارێکی دیکەیە بۆ کات بەسەربردن چووەتە چیای کۆڕەک.
 
سەرباری گەشتیاری نێوخۆی کوردستان و شارەکانی عێراق، چێژ وەرگرتن لە بەفر هەزاران کیلۆمەتری بە گەشتیارە بیانییەکان بڕیوە. 
 
تۆلۆم ڤیرگل خەڵکی فلیپینە، یەکەم جاریەتی لە نزیکەوە بەفر دەبینێت و دەڵێت، "یەکەم جارە لە نزیکەوە بەفر دەبینین و بەسەریدا هەنگاو دەنێم بۆ من شتێکی نوێیە، من نەمدەزانی کە عێراق و کوردستان بە گشتی شوێنی وا خۆشی لێیە هەستێکی خۆشە بۆ من." 
 
3000  گەشتیار تەنیا لە یەک رۆژدا چوونە سەر چیای کۆڕەک، کەشەکە ساردە و گەشتیاران جگە لە گرتنی وێنەی یادگاری، بە شەڕەبەفر و شایی و هەڵپەرکێ، خۆیان گەرم کردەوە. 
 
لە پلانی سەرپەرشتیارانی پرۆژەی کۆڕەکی گەشتیاریدایە خزمەتگوزاری زیاتر پیشکەشی گەشتیاران بکەن 
 
حوسێن عەلی، بەڕێوەبەری کارگێریی پرۆژەی کۆڕەکی گەشتیاری بە رووداوی گوت، "رۆژانە 3 بۆ 4 هەزار گەشتیار روو لە چیای کۆڕەک دەکەن، ئێمە ئامادەکاری دەکەین بۆ ئەنجامدانی فێستیڤاڵی بەفر کە ئەبێتە هۆی دڵخۆشکردنی ئەو گەشتیارانەی روو لە چیای کۆڕەک دەکەن، هەروەها بۆ پێشوازی باشتر لە گەشتیاران ئوتێلێکی نوێ دروست دەکەین و لە قۆناخی کۆتایی دایە."
 
لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران جگە لە کۆڕەک چیا و بەرزایی دیکەش هەن، لە وەرزی زستان و بەفربارین بە هاتنی گەشتیاری زۆر قەرەباڵخ و ئاوەدان دەبن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو شوێنەی منداڵەکەی تێدا خنکا

منداڵێکی 7 ساڵان لە پڕۆژەی ئاوی خەبات خنکا

بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێت، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ منداڵێکی 7 ساڵان لەنێو پڕۆژەی ئاوی خەبات خنکا و تەرمەکەی دەرهێندرا.