رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی: کەسانێک تەنیا موزایەدە دەکەن

11-10-2024
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رابەری بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان لە بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتەکەیدا لە شاری سلێمانی رەخنەی لە بانگەشەی ژمارەیەک لە هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان گرت و ئاماژەی بەوە کرد، "تەنیا موزایەدە دەکەن."
 
رۆژی هەینی 11ی تشرینی یەکەمی 2024 عیرفان عەبدولعەزیز، رابەری بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان لە گوتارێکدا لەکاتی بەشداریکردنی لە بانگەشەی حیزبەکەی لە سلێمانی رایگەیاند، لەو رۆژەی بزووتنەوە دامەزراوە، هەوڵیان داوە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبردنێکی تەندروست و یەکگرتووی هەبێت.
 
عیرفان عەبدولعەزیزی گوتیشی، حکومەتی هەرێمی کوردستان "هەر لە سەرەتاوە کە لە ساڵی 1992 دروست بوو، هەر بە ناتەندروست دروست بوو. ئەو ناتەندروستییە تاوەکو ئەمڕۆش دەڕوات و دەبینی ئێستاش دوو ئیدارەی جیاواز هەیە. پشت بە خودا هەموومان هەوڵ دەدەین ئەو دەسەڵاتە بەو شێوەیە نەمێنێت و دەسەڵاتێک بێت شیاوی ئەم گەلە ئازیزە بێت، کە هەزاران ساڵە هەوڵ دەدات لەسەر ئەم زەمینەی خۆی هەبێت، کە کۆنترین سەر زەمینە لە دونیادا؛ سەر زەمینی دیجلە و فورات کە 8000 ساڵە هەیە. جێگەی نیگەرانییە نەتوانین لەسەر ئەو زەمینە مێژووییە حکومەتێکی رەشید دروست بکەین."
 
رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی رەخنەی لە بانگەشەی هەندێک هێز و لایەنی سیاسی هەرێمی کوردستان گرت و رایگەیاند، "کەسانێک موزایەدە دەکەن و قسە دەکەن و هیچ روانگەیەکی رۆشنیان بۆ دەوڵەتداری نییە. نازانن ئەگەر دوای ئەوەی دەسەڵاتیان رووخاند چی دەکەن؛ تەنیا موزایەدەی سیاسی دەکەن و بەرنامەیان نییە. بەڵام ئێمە کار ناکەین بۆ ئەوەی دەنگ بەدەست بهێنین. ئێمە بۆ ئەوە کار دەکەین رەزامەندی خودا بەدەست بهێنین."
 
بزووتنەوەی ئیسلامی لە بازنەی هەولێر 17 بەربژێری هەیە؛ لە بازنەی سلێمانی 15 بەربژێری هەیە؛ لە بازنەی هەڵەبجە 6 بەربژێری هەیە، بەڵام لە بازنەی دهۆک هیچ بەربژێرێکی نییە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە