ئاگرە گەورەکەی بەنزینخانەکەی سۆران کۆنترۆڵکرا

11-10-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن ئاگر سۆران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئاگرێکی گەورە لە یەکێک لە گەورەترین بەنزینخانەکانی سۆران کەوتەوە و مەترسیی تەشەنەسەندنی بۆ ماڵی هاونیشتمانییان هەبوو، دوای ئەوەی چەندین ماڵی نزیک بەنزینخانەکە چۆڵیان کرد؛ ئاگرەکە دوای چەند کاژێرێک کۆنترۆڵکرا. 
 
ئەمشەو (چوارشەممە، 11-10-2023) نزیک کاژێر 21:00، ئاگرێكی گەورە لە بەنزینخانەی ''باوکی دیاری'' لە سۆران کەوتەوە و بەهۆی ئەوەی لە گەڕەکێکی نیشتەجێبووندا هەڵکەوتووە.
 
 
ئەندام جەبار، پەیامنێری تۆڕی مدیایی رووداو لە سۆران دەڵێت، سەرەتا دەنگی تەقینەوەیەکی یەکجار گەورە بیسترا و دواتر دەرکەوت ئاگر لە بەنزینخانەی ''باوکی دیاری'' کەوتووەتەوە کە یەکێکە لە بەنزینخانە گەورەکانی قەزای سۆران.
 
ئەم بەنزینخانەیە کەوتووەتە سەر رێگای جوندیان لە نێو ماڵی هاونیشتمانییان هەڵکەوتووە، بەگوتەی پەیامنێری رووداو، کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە ئەستەم بوو تادەهات گەورەتر دەبوو.
 
سەرجەم ئەو ماڵانەی لە دەوروبەری ئاگرەکەن ماڵەکانیان جێهێشتووە و چوونە سەر شەقام، چوار ئۆتۆمبێلی بەرگریی شارستانی سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکە بوون و تیمەکانی ئەمنیی سۆران کە پێکهاتوون لە پۆلیس، ئاسایش و پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان، رێگرییان کرد لە نزیکبوونەوەی هاووڵاتیان لە ئاگرەکە.

 

 
مەترسیی تەقینەوەی کۆگایەکی گەورەی بەنزین 
 
هێزە ئەمنییەکان ئاگادارییان بەسەر خەڵکی نزیکی بەنزینخانەکەدا بڵاوکردەوە بۆ مەودایەکی زیاتر دووربکەونەوە، ''لەبەرئەوەی مەترسیی تەقینەوەی کۆگایەکی گەورەتری بەنزین لە تەنیشتی ئەو بەنزینخانەیە هەبوو.''
 
هاونیشتمانییەک بە ناوی لوقمان کە ماڵەکەی لە تەنیشت بەنزینخانەیە و چۆڵیان کردووە، بە رووداوی گوت ''یەکەمجار گرمەیەکی تووند هات، دیارە من خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانم و لێرە دادەنیشم، یەکەمجار کە گرمەکە هات، وامزانی (رۆمانە)ـیان لەپاڵ هاویشتم، بەڵام دوایی کە هاتمە دەرەوە، ئاگر لە بەنزینخانەکە کەوتبووەوە، ئۆتۆمبێلێکی گەورە لێرە بوو و دەهاتە دەرەوە، دیاربوو بەنزینەکەی بەتاڵکردبوو.''
 
 
تائێستا هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە دیار نییە و لایەنە پەیوەندیدارەکان وەکو بەرگریی شارستانی، هیچ روونکردنەوەیەکیان لەسەر ئاگرەکە نەداوە.
 
هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پێش کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، سەرجەم تیمەکان، کۆمپانیاکانی ئاو و پاککەرەوە سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەن، ''بەڵام بێگومان کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە بەهۆی ئەوەی لە بەنزینخانەیەک کەوتووەتەوە ئاسان نییە.'' 
 
هەڵگورد شێخ نەجیب ئاماژەی بەوە کرد ''ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە، سەلامەتیی هاووڵاتییانە، بەتایبەتیی ئەو ماڵانەی کەوتوونەتە دەوروبەری بەنزینخانەکە، بۆیە ئەوان چۆڵیانکردووە و هەوڵدەدرێت بە هەموو شێوەیەک کۆنترۆڵی ئاگرەکە بکرێت.''
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، یەکێک لە کارمەندانی دەزگا ئەمنییەکان کە جلوبەرگی سەربازی لەبەردابوو، بەهۆی دوو تەقینەوەی نوێی بەنزینخانەکە زیانی بەرکەوت و لەلایەن تیمەکانی تەندروستییەوە بە ئەمبیوڵانس گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە.
 
 
بەگوتەی خاوەنی بەنزینخانەکە، زیاتر لە 50 هەزار لیتر بەنزین لە کۆگایەکەدا بووە، ئەوە جگە لە گازێکی زۆر، دەشڵێت، ''تاوەکو ئێستا دیارنییە ماڵەکانی تەنیشتی کۆگاکە زیانیان بەرکەوتووە یان نا.''
 
لەبارەی هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەش بە رووداوی گوت، ''باری ئۆتۆمبێلێک لە بەنزینخانەکە بەتاڵکرا و هاتە دەرەوە، بەڵام لەوکاتەدا دەنگێک لە پشتەوە هات و ئاگر کەوتەوە.''  
 

 

دیمەنی ئاگرەکە: راستەوخۆ لە فەیسبووکی رو وداوەوە:

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترینیان لە سلێمانییە

پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوایین رۆژی دیاریکراو بۆ پێشکێشکردنی لیستی ناوی بەربژێران، لیستەکەی رادەستی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەکات. 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترین بەربژێری لە پارێزگای سلێمانییە.