نوێنەرایەتییەکانى پەروەردەى عێراق لە هەرێمى کوردستان دەخرێنە سەر کەرکووک و نەینەوا

11-08-2024
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

میلاکى نوێنەرایەتییەکانى پەروەردەى عێراق لە هەرێمى کوردستان دەخرێنە سەر کەرکووک و نەینەوا و دەکرێنە هۆبە، ساڵێکیش مۆڵەت دەدرێتە مامۆستا و کارمەندەکانیان کە خۆیان رێکبخەنەوە بەر لەوەى بگوازرێنەوە.
 
سامان جاف، یاریدەدەرى بەڕێوەبەرى گشتیی پەروەردەى کەرکووک بۆ کاروبارى هونەری بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "وەزارەتى پەروەردە بڕیاریداوە میلاکاتى نوێنەرایەتییەکانى لە سلێمانى بگوازێتەوە سەر کەرکووک و ئەو نوێنەرایەتییانەش لە دهۆک و هەولێر بخرێتە سەر پەروەردەى نەینەوا".
 
سامان جاف گوتى "بڕیارەکە هەفتەى رابردوو دەرکراوە و ئەم هەفتەیە جێبەجێ دەکرێت". 
 
ئەو نوێنەرایەتییانە تایبەتن بە سەرپەرشتیکردنى ئەو قوتابخانانە لە هەرێمى کوردستان کە خوێندنى عەرەبین، بۆ قۆتابیانى ئاوارەى پارێزگاکانى دیکەى عێراق و سەر بە وەزارەتى پەروەردەرى فیدراڵین.
 
سامان جاف راگەیاند: "نوێنەرایەتیی پەروەردەى عێراق لە سلێمانى پێشتر سەر بە پەروەردەى تکریت بووە، بەوپێیەى زۆربەى قوتابیەکانى ئاوارەى ئەو شارە بوو، ئێستا کە خراوەتە سەر کەرکووک بۆ ئەوەیە ئاسانکارى بۆ کارەکانیان بکرێت و لە برى ئەوەى بچنە تکریت سەردانى کەرکووک بکەن".
 
379 قوتابخانەى سەر بە نوێنەرایەتییەکانى پەروەردەى عێراق لە هەرێمى کوردستان هەن کە زیاتر لە 148 هەزار قوتابییان هەیە. 
 
11ـى ئابی 2024، وەزارەتى پەروەردەى عێرق رایگەیاند: "بە بڕیارى ئیبراهیم جبوورى، وەزیرى پەروەردە ساڵێک وەک دەرفەت دەدرێتە ئەو کەسانەى کە راسپێدراون لەو نوێنەرایەتییانە بۆ رێکخستنى کاروبارى کۆمەڵایەتییان، لە دواى ئەوەى داوایان کردووە نەگەڕێندرێنەوە بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان و هەردوو پەروەردەى نەینەوا و کەرکووک". 
 
وەزارەتى پەروەردە دەڵێت: "ئەو داواکارییەیان بۆ ئەوەیە بۆشایی و کەموکورتى لە قوتابخانەکان دروست نەبێت".
 
وەزیرى پەروەردە رەزامەندیی داوە لەسەر جێبەجێکردنى بڕیارێکى ئەنجوومەنى وەزیران کە ئەم ساڵ دەرکراوە، بۆ داخستنى نوێنەرایەتییەکانیان لە هەرێمى کوردستان و کردنیان بە هۆبە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە