رووداو- هەولێر
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کە لەکاتی چوون و هاتنەوەی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ، گریاوە.
مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە میانەی وتارێکیدا لە کاتی پێشوازیکردنی لەو پێشمەرگانەی بۆ هاوکاریکردنی شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) نێردرابوونە شاری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان، رایگەیاند، "هەرچەندە زەحمەتە پیاو بگری"، بەڵام لەو کاتەی خەڵکی باکووری کوردستان بە گوڵ پێشوازییان لە پێشمەرگە کرد، نەیتوانیوە خۆی رابگرێ و لە خۆشیان گریاوە.
بارزانی هەر لەو وتارەیدا، کە رۆژی سێشەممە 9ـی کانوونی یەکەمی 2014 لە هاوینەهەواری پیرمام پێشکەشیکرد، ئاماژەی بەوەکرد، کە بە هەمان شێوە، ئەو کاتەی پێشمەرگەکان لە کۆبانێ گەڕانەوە و باوەشیان بە کەسوکاریان دەکرد، لە خۆشییان گریاوە.
ژمارە 337ـی هەفتەنامەی رووداو، لە زاری فەرماندەیەکی پێشمەرگەوە نووسیویەتی، کە ئەو شەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بەرەو کۆبانێ بەڕێکەوتوون، تاوەکو بەیانی بارزانی نەخەوتووە.



