پێشبینی بارانبارینی بەخوڕ دەکرێت و هۆشداریی دروستبوونی لافاو دەدرێت

10-11-2023
محەممەد خۆشناو @muhammadkhoshna
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

کەشناسیی هەرێمی کوردستان پێشبینی دەکات سبەی ئاسمانی بەشی زۆری باشووری کوردستان نیمچە هەور بێت. کەشناسێکیش پێشبینی دەکات لە نێوەڕاستی هەفتەی داهاتووەوە شەپۆلێکی بەخوڕی بارانبارین بەشی زۆری هەرێمی کوردستان بگرێتەوە. 
 
رۆژی هەینی، 10ـی تشرینی یەکەمی 2023 بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی بۆ کەشوهەوای 48 کاژێری داهاتووی باشووری کوردستان بڵاوکردەوە و پێشبینی دەکات، ئاسمانی زۆربەی باشووری کوردستان نیمچە هەور بێت و پلەی گەرما بە جێگیری بمێنێتەوە.
 
بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی، سبەى ئاسمانی بەشی زۆری باشووری کوردستان نیمچە هەور دەبێت و لە هەندێک ناوچەش کەشەکە دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو، بەڵام گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە پلەی گەرمادا روونادات.
 
هەر ئەمڕۆ هەینی، 10-11-2023، عەلی جابر، کەشناسی عێراقی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پێشبینی دەکرێت لە نێوەڕاستی هەفتەی داهاتووەوە شەپۆلێکی بارانبارین روو لە عێراق بکات و ئەگەر هەیە لافاو دروستبێت.
 
عەلی جابر زەیدی دەڵێت، "بارانبارینەکە ئێوارەی رۆژی یەکشەممە لە ناوچەکانی رۆژئاوای عێراق لە سنووری شارۆچکەکانی روتبە و قائیم لە پارێزگای ئەنبار تا دەگاتە شنگال لە سنووری پارێزگای نەینەوا دەستپێدەکات. رۆژی سێشەممە شەپۆلە فراوانەکە دەستپێدەکات کە زۆربەی ناوچەکانی عێراق دەگرێتەوە و لەهەندێک شوێن لەنێوان 15 ملم بۆ 20 ملم باران دەبارێت، بەتایبەت لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی".
 
بە گوتەی ئەو شارەزایەی کەشناسی، شەپۆلەکە تاوەکو رۆژی پێنجشەممە بەرەدوام دەبێت و دوای ئەوەش سەرما ناوچەکە دەگرێتەوە. 
 
سەرەتای ئەم مانگە شەپۆلێکی بارانبارین بەشی زۆری هەرێمی کوردستانی گرتەوە، بە جۆرێک لە هەولێر نزیکەی 25 ملم، سلێمانی 19 ملم، دهۆک نزیکەی 13 ملم و هەڵەبجە نزیکەی 10 ملم باران باری.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی ورمێ.

پلاندانانی ورمێ: بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان پێویستمان بە 262 ملیۆن دۆلارە

سەرۆکی رێکخراوی بەڕێوەبردن و پلاندانانی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکانی پارێزگاکە کە بەشی زۆریان راگیراون، پێویستیان بە زیاتر لە 262 ملیۆن دۆلارە.