دەنگەکانی ئەو لیست و بەربژێرانەی کورسی نابەنەوە چییان بەسەر دێت؟

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دەنگی ئەو بەربژێرە سەربەخۆیانەی بەهای کورسییەک تەواو ناکەن، بەفیڕۆ دەچێت، بەڵام دەنگە زیادەکانی لیستەکان دەچێتە سەر ژمارەی دەنگی ئەو بەربژێرانەی کە زۆرترین دەنگیان هێناوە و نەگەیشتووەتە بەهای کورسییەک.
 
رۆژی پێنچشەممە، 10ی تشرینی یەکەمی 2024، نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە ئەگەری مانەوەی هەر دەنگێک بۆ گەیشتن بە تەواوکردنی بەهای کورسییەک، دەنگە زۆرەکان دەچێت بۆ ئەو بەربژێرەی نێو هەمان بازنە کە زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە، بەڵام بەشی کورسییەک ناکات"مەرج نییە ئەو بەربژێرە لە هەمان ئەو لیستە بێت کە دەنگی زیادی هەیە."
 
نەبەرد عومەر، زیاتر روونیکردەوە و گوتی: "ئەگەر لیستێک 105 هەزار دەنگ بهێنێت و 10 هەزار دەنگی زیادەی هەبێ، ئەو 10 هەزار دەنگە دەچێت بۆ ئەو بەربژێرەی زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە، بەڵام نەگەیشتووەتە ئەو ژمارەیەی پێویستە بۆ کورسییەک. مەرج نییە دەنگی زیادە یانیش ماوە بۆ هەمان لیست بێت و دەکرێ بۆ بەربژێرێکی لیستێکی جیاوازبێت."
 
بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئاماژەی بەوەکرد کە بۆ یەکلاییکردنەوەی کورسییەکان، سیستمی (دەنگی ماوە بۆ بەهێزترین)، پەیڕەو دەکرێت.
 
بۆ زیاتر روونکردنەوە لەسەر ئەو سیستمە، ئارام برادۆستی، شارەزای سیستمی هەڵبژاردنەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بۆ نموونە لە پارێزگای هەولێر کە 32 کورسی و دوو کورسی کۆتایە، هەشت لیستی جیاواز لەگەڵ چوار بەربژێری سەربەخۆ کێبڕکێی لەسەر بکەن، کۆی دەنگی دروستی سەرجەم پارتەکان کۆدەکرێتەوە و دواتر دەنگەکان دابەشی سەر 32 کورسی دەکرێت، ئەوکات بەهای هەر کورسییەک لە بازنەی هەولێر دیاری دەکرێت.
 
ئارام برادۆستی گوتی: "بۆ قۆناخی دووەم؛ کار بۆ ئەو دەکرێت هەر لیستێک چەند کورسی بەردەکەوێت. دەنگی گشتی هەر لیستێک یانیش قەوارەیەکی سیاسی، دابەشی سەر بەهای کورسییەکە دەکرێت."
 
ئەو شارەزای سیستمی هەڵبژاردنە دەڵێت: "بۆ نموونە ئەگەر پارتی 265 هەزار دەنگی هێنابێت لە بازنەی هەولێر، ئەوا دابەشی سەر بەهای ژمارەی کورسییەکان دەکرێت و دیاریی دەکرێت چەند کورسی بەدەستهێناوە، ئینجا رەنگە لەو ژمارەیە هەندێک دەنگی زیادە بمێنێتەوە، ئەو دەنگە زیادەیە لە قۆناخی دووەم دەچێ بۆ ئەو بەربژێرەی (لە هەر لیستێک بێت) زۆرترین دەنگی هێناوە، بەڵام نەگەیشتووەتە ئەو ژمارەیەی پێویستە بۆ بەدەستهێنانی کورسی."
 
ئارام برادۆستی ئاماژە بەوەش دەکات، "بەهای کورسی بۆ هەر پارێزگەیەک جیاوازە و پەیوەستە بە رێژەی بەشداریکردن."
 
بڕیارە لە 18 ئەم مانگە هەڵبژاردنی تایبەت بکرێت و لە 20ی مانگ هەڵبژاردنی گشتی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکرێت. بە گوێرەی بڕیاری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە کاژێر 7:00ی بەیانی بنکە و وێستگەکانی دەنگدان دەکرێنەوە و کاژێر 6:00ی ئێوارە دادەخرێن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پەرستگەی لالش

سوودانی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەی راسپارد بۆ نۆژەنكردنەوەی پەرستگەی لالش

راوێژکاری سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ كاروباری ئێزدیان بە رووداوی راگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێبوونی راسپارد بە نۆژەنكردنەوەی پەرستگەی لالش.