رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە سبەی شەممە لە شاری هەولێر، بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بەشداریی پەرلەمانتارانی کورد لە پەرلەمانی عێراق و وەزیرانی کورد لە حکومەتی عێراق، کۆبوونەوەیەک بۆ تاوتوێکردنی دواکەوتنی مووچە و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بکرێت.
کۆبوونەوەکە کاژێر 10:00ـی بەیانی سبەی لە شاری هەولێر بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت. بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، بۆ کۆبوونەوەکە فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق و وەزیرە کوردەکان لە حکومەتی عێراق بانگهێشتکراون.
سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە پەرلەمانی عیراق ئەمڕۆ هەینی 10-01-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بانگهێشتی کۆبوونەوەکە کراوین، بەڵام تاوەکو ئێستا دڵنیا نەبووینەوە لە بەشداریکردن یان نەکردن".
لە کۆبوونەوەکە تاوتوێی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و دواکەوتنی ناردنی پارەی مووچەی فەرمانبەران دەکرێت، کە تاوەکو ئێستا مووچەی مانگی 12ـی ساڵی رابردوویان وەرنەگرتووە.
د. موسەنا ئەمین، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، پشتڕاستیکردەوە بۆ کۆبوونەوەکە بانگهێشتکراون، بەڵام بە رووداوی گوت: "تاوەکو ئێستا بڕیاری کۆتاییمان نەداوە کە بەشداری لەو کۆبوونەوەیە دەکەین یان نا".
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا بانگهێشتی هەولێر کراون بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دواکەوتن و ناکۆکییەکانی پەیوەست لەلایەن حکومەتی فیدراڵ بۆ هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، کۆبوونەوەکان بە درێژایی رۆژی شەممە بەڕێوەدەچن. هەروەها سەرجەم وەزیرە کوردەکانی حکومەتی فیدراڵیش بەشداری لە گفتوگۆکاندا دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ