رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێک لە وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت، هیچ بڕیارێک بۆ تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان نییە. ئاماژە بەوەش دەکات، تاکە چارەسەر ئەوەیە ئەو ئۆتۆمبێلانە پارچەپارچە بکرێن و بەو شێوەیە سوودیان لێ وەربگیرێت.
رۆژی چوارشەممە 9ی نیسانی 2025 بەرپرسێک لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان مەترسی بۆ سەر شۆفێر و هاونیشتمانییان دروست دەکەن و مەرجی سەلامەتی و یاساییان تێدا نییە. تاوەکو ئێستاش هیچ بڕیارێک بۆ تۆمارکردنیان نییە."
لەبارەی چارەنووسی ئەو ئۆتۆمبێلانە، ئەو بەرپرسە گوتی، "تۆمار ناکرێن. تاکە چارەسەر ئەوەیە پارچەپارچە بکرێن؛ تەنیا بەو شێوەیە دەتواندرێت سوودیان لێ وەربگیرێت."
30ی ئاداری 2023 بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان دەستیکرد بە پشکنین بۆ ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان، بە تایبەت ئەوانەی پێیان دەگوترێت مەلیکە و بۆ مانگێک بەردەوام بوو.
بەگوێرەی ئەنجامەکەی، "زۆرینەیان شیاوی بەکارهێنان نین."
رۆژی 2024-12-02 لیژنەی باڵای ئەمنیی پارێزگای سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و هەڵگری ژمارەی ساختە و جامڕەش "خەریکە" دەبێتە دیاردە، بۆیە بڕیاریانداوە دەستیان بەسەردا بگرن.
لە هەرێمی کوردستاندا تەنیا رێگە بە هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی مۆدێلی نوێ دەدرێت. بێ سەرەتاکان مۆدێلیان خوار مۆدێلی رێگەپێدراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ