رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ئابووری و دارایی ئێران رایگەیاند، کاروباری کۆڵبەری لە ناوچە سنوورییەکان رێکدەخەنەوە.
عەبدولناسر هیمەتی، وەزیری ئابووری و دارایی ئێران ئەمڕۆ هەینی لە سەردانێکدا بۆ شاری زاهیدانی ناوەندی پارێزگای سیستان و بەلووچستان، لە کۆبوونەوە لەگەڵ چالاکڤانان و بەرپرسانی ئابووریی پارێزگاکە، باسی دۆخی ئابووریی خەڵکی لە ناوچە سنوورییەکان کرد و رایگەیاند، حکومەت و سەرۆککۆماری ئێران گرنگیی تایبەت بە چارەسەرکردنی کێشەکان لە ناوچە پەراوێزخراوەکان دەدەن.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رۆژی چوارشەممە 06-11-2024 وەزیری ئابووری و بەرپرسانی دیکەی حکومەتی راسپارد، یاسای کۆڵبەری هەموار بکەنەوە و هەموارکردنەوەکە بە شێوەیەک بێت کە کاری یاساییان سوودی لە کاری نایاساییان زیاتر بێت، تاوەکو روو لە هاتووچۆی نایاسایی لە سنوورەکان نەکەنەوە.
بەپێی یاسایەک، کە لە پەرلەمانی ئێران پەسند کراوە، حکومەت دەبێت لە دەروازە سنوورییەکان رێڕەوێک بۆ هاوردەکردنی کەلوپەلی رێگەپێدراو لەلایەن دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکانەوە بکاتەوە و مانگانە بە بڕێکی دیاریکراو، لە لێخۆشبوونی گومرگی سوودمەند بن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ