رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی هەڵدرێرانەوە لە گەلی عەلی بەگ لە سنووری رواندز، رێبەرێکی گەشتیاری کە عەرەبە و خەڵکی بەسرەیە، گیانی لەدەستدا.
رووداوەکە بەیانیی ئەمڕۆ (سێشەممە، 07-01-2025) روویداوە. رەوەند مەغدید، گوتەبێژی بەرگری شارستانیی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەوەی گیانی لەدەستداوە عەرەبە و لە گەلی عەلی بەگ لە دیوی بێخاڵەوە هەڵدێراوە."
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ رایگەیاند، ئەوان کاژێر 06:00ـی بەیانی ئاگادارکراونەتەوە لەو رووداوە کە لە سنووری قەزای رواندز لەنێو پێچەکانی هاوینەهەواری بێخاڵ روویداوە.
شەش تیمی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سۆران بۆ شوێنی رووداوەکە چوون، کە بەپێی راگەیێندراوەکە "پێویست بوو لە رووبار بپەڕنەوە بۆ گەیشتن بە تەرمەکە، سەختی و بەرزیی ئەو شوێنە، هەروەها نزمیی پلەکانی گەرما" کاریگەرییان لەسەر کارکردنی تیمەکان هەبووە.
تیمەکانی بەرگریی شارستانیی سۆران توانیویانە تەرمەکە دەربهێنن و لە رووبار بیپەڕێننەوە، پاشان رەوانەی دادپزیشکی سۆرانیان کردووە.
سەبارەت بە ناسنامەی ئەو هاووڵاتییەی گیانی لەدەستداوە، بەرگریی شارستانیی سۆران دەڵێ "ناوی محەممەد ئەسعەدە، لەدایکبووی ساڵی 1991 بووە و خەڵکی بەسرەیە. وەکو رێبەری گەشتیاری لەو سنوورە کاری کردووە."
بەپێی گوتەی هاوڕێکانی کە قسەیان بۆ بەرگریی شارستانی کردووە؛ لەکاتی گەڕانەوەیان لە قەزای چۆمان، لەو شوێنە وەستاون بۆ ئامادەکردنی ژەمی بەیانی، بەڵام مۆبایلەکەی محەممەد ئەسعەد کەوتووەتە خوارەوە، هەوڵی داوە بیگرێتەوە، لەوکاتەدا تووشی هەڵدێران بووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ