بەرپرسی ناوچەی پارتی لە پیرەمەگروون: خۆپێشاندەران تەقەمان لێدەکەن

06-12-2020
بڕوا کیانی @brwakyani
بەرپرسی ناوچەی پارتی لە پیرەمەگروون قسە بۆ رووداو دەکات
بەرپرسی ناوچەی پارتی لە پیرەمەگروون قسە بۆ رووداو دەکات
نیشانەکردن خۆپێشاندان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە خۆپێشاندانەکانی پیرەمەگروون گرژی و ئاڵۆزی دروست بوو، خۆپێشاندەران هێرشیان کردە سەر بارەگای کۆمیتەی یەکێتی و ئاگریان لە بەشێکی بەردا، ئێستاش دەیانەوێت بارەگای ناوچەی پارتی لە پیرەمەگروون بسووتێنن. بەرپرسی ناوچەی پیرەمەگروونی پارتیش دەڵێت، نزیکەی سێ کاژێرە بەبەردەوامی هێرشیان دەکرێتە سەر "بە ئاگر و بەرد و تەقەکردن". 
 
شێروان عەبدوڵڵا، بەرپرسی ناوچەی پارتی لە پیرەمەگروون لە رێگەی تەلەفۆنەوە بەشداری لە بووڵتەنی کاژێر 08:00ـی رووداو کرد، رایگەیاند، "هەڤاڵانی لقمان لەگەڵ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی لەسەر هێڵن لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی، بەڵام کەمتەرخەمییەکی زۆریان پێوە دەبیندرێت.. نزیکەی سێ کاژێرە هێرشمان لەسەرە و تاوەکو ئێستا نەهاتوون بەهانامانەوە". 
 
بە گوتەی شێروان عەبدوڵڵا، ئەوان تەقەی راستەوخۆیان لە خۆپێشاندەران نەکردووە، "ئەگەری هەیە هەندێک تەڵقەی ئاسمانی بە هەوادا و بە ئاسماندا کرابێت.. ئەوەش تەنیا کاتەکەی درێژکردووەتەوە بۆ کەمکردنەوەی هێرشەکان". 
 
ئەو گوتی لە سلێمانی پارتی هیچ هێزێکی نییە تاوەکو بیجوڵێنن و "بێن پارێزگاری لە ئێمە بکەن". بەڵکو تەنیا جەماوەریان هەیە.
 
لەکاتی قسەکردنی بۆ رووداو، دەنگی تەقە دەبیسترا لە دەرەوەی بارەگای ناوچەی پارتی. هاوکات بەهۆی ئەو گرژی و ئاڵۆزییانەوە، شەقامەکانی دەوروبەری ئەو بارەگایە چۆڵکراون و هاتووچۆی خەڵکی تێدا نابیندرێت.
 
بەرپرسی ناوچەی پارتی داوای لە خەڵکی پیرەمەگروون، مامۆستایانی ئایینی و ریشسپی و پیاوماقووڵان کرد کە گوشار بخەنە سەر هێزە ئەمنییەکان بۆ ئەوەی بیانپارێزن. ئەو گوتی "دڵنیاین لەلایەن ئێمەوە خوێن ناڕێژرێت". 
 
لەبارەی خۆپێشاندەرانەوە کە ئایا خۆڕسکن یان بەلاڕێدا براون، ئەو بەرپرسە گوتی، "ئەگەر چەک و هەڵکوتان بچێتە نێو خۆپێشاندانەوە، ئەوە خۆپێشاندانی خەڵکی خۆڕسک نییە". 
 
پەیامنێری رووداو لە پیرەمەگروون کە لەلایەن کەسانێک وەکو خۆپێشاندەر خۆیان ناساندبوو رێگرییان لێکردبوو بچێت دیمەنی بارەگاکە بگوازێتەوە، رایگەیاند، تەقە بەردەوامە و "خەڵکی بە پیادە و ئۆتۆمبێل ناتوانن هاتووچۆ بکەن".  

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە