رووداو دیجیتاڵ
زانکۆی ئیلام بەشی زمان و ئەدەبی کوردی دەکاتەوە و بۆ ئەم ساڵی خوێندن 25 خوێندکار بۆ قۆناخی بەکالۆریۆس وەردەگرێ.
بەختیار سەجادی، یەکێک لە داڕێژەرانی پرۆگرامی خوێندنی زمانی کوردی لە زانکۆی سنە، سەبارەت بە کردنەوەی ئەم بەشە لە زانکۆی ئیلام لە هەژماری فەرمیی خۆی لە فەیسبووک رایگەیاند، کردنەوەی ئەم بەشە لە زانکۆی ئیلام بەرەوپێشچوونێکی گەورەیە بۆ پاراستن و پێشخستنی زمانی کوردی.
بەپێی پرۆگرامی خوێندنی پەسندکراو، خوێندکارانی ئەم بەشە جگە لە وانە گشتییەکان، چەندین وانەی تایبەت بە زمانەوانی، ئەدەبی کلاسیک و هاوچەرخ، تایبەتمەندییەکانی شێوەزارە جیاوازەکانی زمانی کوردیش دەخوێنن.
لە پرۆگرامی بەشەکەدا گرنگی بە شێوەزار و زاراوە جیاوازەکان دراوە، لەوانە لەکی، گۆرانی/هەورامی، فەیلی/ئیلامی، کەلهوڕی، زەنگەنە، کورمانجی، زازاکی و لوڕی. زمانی سەرەکیش بریتی دەبێ لە شێوەزاری سۆرانی.
بەختیار سەجادی سەبارەت بە مێژووی داڕشتنی پرۆگرامی خوێندنی ئەم بەشە لە زانکۆی سنە دەڵێت: "بەرنامەی خوێندنی زمان و ئەدەبی کوردی بۆ قۆناخی بەکالۆریۆس لە ساڵی 2000 لە زانکۆی کوردستان لە سنە لەلایەن بەندەوە نووسرا و لە ساڵی 2003 لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە پەسندکرا. پاش چەندین هەوراز و نشێو و بڕینی قۆناخە سەختەکان، بەشەکەمان لە ساڵی 2014دا بە فەرمی کردەوە و لەو کاتەوە ساڵانە دەیان قوتابی وەردەگیرێن."
سەجادی دەڵێ، لە ساڵی 2017دا بەرنامەی خوێندنی ماستەریشیان بۆ ئەو بەشە نووسیوە و بڕیارە بەمزووانە لە زانکۆی سنە ئەو قۆناخەش دەستپێبکات.
سەجادی ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەمڕۆ زۆر دڵخۆش بووم کە لە رێبەری ئەم ساڵی بەشەکانی زانکۆکانی ئێراندا، ناوی 'زمان و ئەدەبی کوردی'م بۆ زانکۆی ئیلام بینی. یەکەم رۆژ کە وەک مامۆستا لە زانکۆی کوردستان دامەزرام، خەونم بەوەوە دەبینی بەشی زمانی کوردی لە هەموو زانکۆکانی کوردستان بکرێتەوە، هیوادارم لە زانکۆکانی دیکەش هەوڵی هاوشێوە بدرێت."
زانکۆی ئیلام لە ساڵی 1976 کرایەوە و دوای زانکۆی کوردستان لە شاری سنە، دەبێتە دووەمین ناوەندی خوێندنی باڵا لە سەرانسەری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کە بەشی زمان و ئەدەبی کوردی لە ئاستی بەکالۆریۆس دەکاتەوە.
لە زانکۆی ئیلام 8 هەزار و 700 قوتابی لە 151 بەشی جیاوازدا لە قۆناخەکانی دبلۆمی باڵا، بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرا دەخوێنن، لەو ژمارەیەش هەزار و 500 کەسیان قوتابیانی بیانین.


