رووداو دیجیتاڵ بە گەیشتنی "بەرێ شباک" لە باشیکەوە بۆ پەرستگەی لالش و بە دەنگی دەف و شمشاڵ، رێوڕەسمەکانی جەژنی جەمای شێخادی لەنێو کوردی ئێزدی دەستیپێکرد. ئەنجوومەنی رۆحانی، کەسایەتییە ئایینییەکان و خەڵکێکی زۆر لە رێوڕەسمەکەدا بەشداربوون. جەژنی جەمای شێخادی، یەکێکە لە گەورەترین جەژنەکانی کوردانی ئێزدی و ماوەی 7 رۆژ لە پەرستگەی لالش بەردەوام دەبێت. لە یەکەم رۆژدا، رێوڕەسمی "بەری شباک" بەڕێوەچوو، کە تێیدا بە ئامادەبوونی بابەشێخ و میری ئێزدیان، رێوڕەسمی تایبەت لەسەر پردی سەلات و کانیی سپی ئەنجام دەدرێت. شەرۆ ئیبراهیم، خزمەتکاری پەرستگەی لالش، بە رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ یەکەم رۆژی جەژنی جەمای شێخادییە و رێوڕەسمەکان لەم شوێنە پیرۆزە بەڕێوەدەچن. بەیانی، 'بەری شباک' بە رێوڕەسمێکی تایبەت لە باشیک و بەعزانەوە گەیشتە ئێرە. دواتر بە ئامادەبوونی بابەشێخ و میری شێخان لەسەر پردی سەلات، بە رێوڕەسمی تایبەت هاتنە کانیی سپی و مۆر کران." کوردی ئێزدی لە ناوچە جیاوازەکانەوە بە جلوبەرگی رەنگاوڕەنگی نەتەوەییەوە بەشداری لە جەژنەکەدا دەکەن و بۆ ماوەی 7 رۆژ گۆڤەند و سەمای تایبەت لە بەردەم کانیی سپی بەڕێوەدەچێت. یەکێک لە رێوڕەسمە گرنگەکانی جەژنەکە، مۆرکردن (هەڵکێشان)ـی منداڵانی ساوایە بە ئاوی کانیی سپی، کە وەک نیشانەیەکی پیرۆزیی ئایینی تەماشا دەکرێت. مەدینە زیاد، کە لە شنگالەوە بۆ بەشداری لە جەژندا هاتووە، دەڵێت: "من لەگەڵ خێزانەکەمدا لە شنگالەوە هاتووم. هەموو ساڵێک لەم کاتەدا بەبۆنەی جەژنی جەماوە دێینە لالش." هەروەها ڤینا رافع، کە لە خانکێوە هاتووە، پیرۆزبایی جەژن لە هەموو ئێزدییان دەکات و دەڵێت: "زۆر دڵخۆشین کە بۆ ماوەی 7 رۆژ دێینە جەژن. حەز دەکەم هەموو کچێک کە دێتە ئێرە، جلوبەرگی ئێزدی لەبەر بکات." جەژنی جەمای شێخادی ساڵانە لە رۆژی 6ـی تشرینی یەکەم دەستپێدەکات و بۆ ماوەی 7 رۆژ لە پەرستگەی لالش بە رێوڕەسمی ئایینی و کۆمەڵایەتیی جۆراوجۆر بەردەوام دەبێت.
کوردستان06-10-2026جووتیارانی کورد لە خورماتوو رووبەڕووی گوشاری یاسایی و دەستبەسەرداگرتنی زەوییەکانیان دەبنەوە