رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئێران بڕیاری گۆڕینی پارێزگاری ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستانی دا و کەسێکی خەڵکی ناوچەکەی وەکو پارێزگاری نوێی ئیلام دیاریکرد.
رۆژی چوارشەممە، 6ی تشرینی دووەم، فاتمە مهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی کابینەی حکومەتدا بڕیاری گۆڕینی هەردوو پارێزگاری ئیلام و چوار مەحال و بەختیاری درا و پارێزگاری نوێ بۆ ئەو دوو پارێزگایە دەستنیشان کران.
بە گوتەی فاتیمە مهاجرانی، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا ئەحمەد کەرەمی، کە کوردێکی شیعەیە و خەڵکی شاری ئاودانانە، وەک پارێزگاری نوێی ئیلام دەستنیشان بکرێت.
ئەحمەد کەرەمی لە شوێنی حەسەن بەهرام نیا، پارێزگاری ئێستای ئیلام دەستبەکار دەبێت، کە لە 21-11-2021 و لەلایەن کابینەی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری پێشووی ئێران وەک پارێزگاری ئیلام دیاریکرا.
ئەحمەد کەرەمی، خەڵکی شاری ئاودانانی سەر بە پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستانە و پێشتر بۆ ماوەی شەش ساڵ جێگری پارێزگاری ئیلام بووە بۆ کاروباری ئاوەدانکردنەوە، هەروەها ماوەی چوار ساڵ بەڕێوەبەری گشتیی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگاکە و ماوەیەکیش قایمقامی دەڕەشار بووە.
گوتەبێژی حکومەتی ئێران هەروەها رایگەیاند، بە بریاری کابینە جەعفەر مەردانی وەکو پارێزگاری نوێی چوار مەحال و بەختیاری دەستنیشان کرا.
لە پێنج پارێزگاکەی رۆژهەڵاتی کوردستان، تاوەکو ئێستا لە سێ پارێزگای سنە، لوڕستان و ئیلام بریاری گۆڕینی پارێزگار دراوە و پارێزگای نوێ دیاریکراون. چاوەڕوان دەکرێت، چارەنووسی ئەو پۆستە لە هەردوو پارێزگای ورمێ و کرماشانیش یەکلایی بکرێتەوە.
لە پارێزگای ورمێ دوای ئەوەی رۆژی 21-10-2024 محەممەد سادق موعتەمیدیان، پارێزگاری پێشووی پارێزگاکە وەکو پارێزگاری نوێی تاران دیاریکرا، پۆستەکە بە بەتاڵی ماوەتەوە و کاروبارەکان لەلایەن سەرپەرشتەوە بەڕێوەدەبردرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ