رووداو دیجیتاڵ
لە گوندێکی زاخۆ بە درێژایی سێ کیلۆمەتر ئاگرە کەوتووەتەوە، بەهۆی ئەوەی ناوچەکەش سنوورییە و دەنگی درۆن دەبیسترێت، تائێستا کۆنترۆڵ نەکراوە.
غەریب مەجید، پەیامنێری رووداو لە زاخۆ لە نزیک شوێنی ئاگرەکەوە گوتی "لێرە لە گوندی بوسەڵی، لە شوێنێک کە پێی دەگوترێت ملا دێری ئاگر بە درێژایی سێ کیلۆمەتر کەوتووەتەوە و گەیشتووەتە بەرامبەری گوندی مەلا عەرەب."
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو؛ پێشمەرگەی هێزەکانی پاراستنی ژینگە، پۆلیسی پاراستنی ژینگەی زاخۆ و بەتالیۆنی یەکی پاراستنی ژینگەی زاخۆ چوون بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە، بەڵام "رێگەی چیاکە زۆر سەختە و گەیشتنیان ئاسان نییە."
بەپێی سەرچاوەیەکی پۆلیسی پاراستنی ژینگەش بۆ رووداو، ئەو شوێنەی ئەوان دەتوانن پێی بگەن، لە دوای ئەوەوە دەبێت 40 خولەکی دیکە رێبکەن تاوەکو دەگەنە ئاگرەکە.
هەروەها سەرچاوەیەک لە شارەوانیی زاخۆ کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە رووداوی گوت، تیمی ئەوان چوون بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە، بەڵام ناوچەکە نائارامە، بۆیە نەیانتوانیوە بچن و بەردەوام دەنگی درۆنیش دێت.
سەبارەت بە هۆکارەکانی ئاگرەکە پەیامنێری رووداو لە زاخۆ دەڵێ "ئێرە ناوچەیەکی سنوورییە، هێزەکانی ژینگە و پاسەوانی سنوور و خاڵی سەربازیی تورکیاش لە نزیک ناوچەکە هەن، بۆیە گریمانەی ئەوە هەیە ئاگرەکە بەهۆی بۆردوومان یان تەقەکردنەوە بووبێتەوە، چونکە خەڵک ناتوانن بۆ گەشتیش بچنە ناوچەکە و زیاتر ناوچەیەکی سەربازییە."
ریاز جاسم، موختاری گوندی بوسەڵی بە رووداوی گوت "خاڵێکی پێشمەرگە لە سەرێ دێرێ هەیە، لەنێوان ئەوێ تاوەکو خوارەوە، ئاگرەکە کەوتووەتەوە.. ئەمە ئاگرێکی گەورەیە و خوازیارن بێن چارەسەرێکی بکەن، ئێمەش 50 کەسی گوندی بۆسەڵی هاتووین و ئامادەین بەرگریی بکەین و نەهێڵین ئاگرەکە بێتە نێو گوندەکەمانەوە."
موختارەکە باسی لەوە کرد، لەو ناوچەیەدا سێ خاڵی سەربازیی تورکیا هەن، "لەوێ درۆن هەڵدەستن و تەقە دەکرێت، بەو هۆیەوە رەوشەکە خۆش نییە و، خەڵکی ئێمە دەترسن و ناوێرن بچن ئاگرەکەش بکوژێننەوە."
راستەوخۆ لە رووداو
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ