رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، بە تۆمەتی سووتاندنی بازاڕی دارەسووتاوەکەی سلێمانی، کەسێکیان دەستگیرکردووە.
بەرەبەیانی دوێنی ئاگر لە بەشێکی دووکانەکانی بازاڕی دارەسووتاوەکەی سلێمانی کەوتەوە. بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان، نزیکەی 150 دووکانی بازاڕەکە سووتاون.
سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، ئەمڕۆ یەکشەممە بە نزار جەزا، پەیامنێری رووداوی گوت: "شەوی پێش ئاگرەکە کەسێک لەنێو بازاڕی دارەسووتاوەکە کە خۆی لەوێ کاسبکارە سەرقاڵی لەحیمکردن بووە، بە تۆمەتی ئەوەی هۆکاری ئاگرەکە بێت دەستبەسەر کراوە".
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت: "ئەو کەسەی دەستبەسەرکراوە سووریاییە و کوردی دەزانێت، ئەو لەکاتی وەرگرتنی گوتەدا دەڵێت، تاوەکو کاژێر 12:00ـی شەو لەحیمی کردووە، دواتر کارەبای کوژاندووەتەوە و دووکانەکەی داخستووە".
سەرکەوت ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد، تۆمەتبار دەڵێت تاوەکو 12:00ـی شەو کاری کردووە و ئاگرەکەش نزیک کاژێر 04:00ـی بەرەبەیان بووە، بەڵام تۆمەتبارەکە بە دەستبەسەرکراوی دەهێڵنەوە تاوەکو پۆلیسی بە وردی تەماشای کامێراکانی چاودێری دەکاتەوە و لە دۆخەکە دڵنیا دەبێتەوە.
ئاگرەکە زیاتر ئەو دووکانانەی گرتەوە کە بە مەزادخانەی سەرەوە ناسراون. ئەو شوێنەی ئاگری لێکەوتەوە ئێستا چۆڵکراوە و تەنیا هێزە ئەمنییەکان لەوێدا جێگیر کراون بۆ پاراستنی پاشماوەکانی نێو دووکانەکان.
لێکۆڵینەوەکان لەسەر قەبارەی زیانەکان و هۆکاری رووداوەکە بەردەوامن. ئارام عەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی بە رووداوی گوت، دوای تەوابوونی راپۆرتی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە، ئەنجامەکەی ئاشکرا دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ