رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە پێشنیازی نرخی کارەبای 24 کاژێری لە چوارچێوەی (پڕۆژەی رووناکی) دا، ئەم مانگە لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پەسند بکرێت.
بەگوێرەی نوێترین داتای (پڕۆژەی رووناکی) بۆ رووداو، تاوەکو ئەمڕۆ لە سنووری پارێزگای هەولێر، 26 گەڕەک کارەبایان کراوەتە 24 کاژێری. هەروەها بازاڕی سلێمانی و چەند گەڕەکێکی شارەکە پڕۆژەی رووناکییان پێگەیشتووە و لە دهۆکیش هەردوو گەڕەکی بەرۆشکێ و سەرهەڵدان کارەبایان کراوەتە 24 کاژێری.
بەگشتی نزیکەی 415 هەزار هاووڵاتی کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابینکراوە.
تاوەکو ئەمڕۆ نرخێکی جێگیر بۆ کارەبای ئەو گەڕەکانە دانەنراوە، کە کارەباکەیان کراوەتە 24 کاژێری. ئەمڕۆ یەکشەممە، تیمی (پڕۆژەی رووناکی) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بۆ جێگیرکردنی نرخ دەبێت ئەنجوومەنی وەزیران پەسەندی بکات ئەوەش لەم مانگەدا پەسند دەکرێت".
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، چوارشەممەی داهاتوو 09ـی نیسان ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی هەفتانەی ناکات، ئەویش لەبەرئەوەی، بەهۆی رووخانی دەسەڵاتی پێشووی عێراقەوە ئەو رۆژە لە هەرێمی کوردستان کراوەتە پشوو.
هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، پێشنیازی جێگیرکردنی پارەی کارەبای (پڕۆژەی رووناکی) بە چەند جۆرێکە، ئەویش لە 0 بۆ بەکارهێنانی 400 کیلۆوات نرخێکە کەمترە لە 100 دینار، بەکارهێنانی 400 بۆ 800 مێگاوات نرخەکەی زیاترە و بە بەکارهێنانی 400 کیلۆوات بە پلەبەندی نرخەکە بەرزتر دەبێتەوە.
بەگوێرەی داتای پڕۆژەکە، تاوەکو ئەمڕۆ بەهۆی پڕۆژەی رووناکییەوە، نزیکەی 600 موەلیدەی تایبەت لە هەرێمی کوردستان کارکردنیان راگیراوە.
تیمی پڕۆژەکە دەڵێن، جارێ موەلیدەکان لانابرێن و بۆ کاتی پێویست دەمێننەوە. تیمەکە بە رووداوی گوت: "هەرکاتێک لە (پڕۆژەی رووناکی) کارەبا ببڕێت و موەلیدە کار بکات، حکومەت کرێی پارەی موەلیدەکان دەدات و لەسەر هاووڵاتیان هەژمار ناکرێت".
پڕۆژەی رووناکی بەشێوەی پۆست پەیدە و جیاوازە لە پریپەید، بەو پێیەی پریپەید کڕینی بڕی کارەبا بە شێوەی کارتە، بەڵام لە پۆست پەید دا هەمان سیستمی کارەبای نیشتمانیی ئێستایە و مانگانە بەگوێرەی بڕی بەکارهێنان پارە دەدرێت.
کارەبای 24 کاژێری لە چوارچێوەی پڕۆژەی رووناکی دایە، کە 17-10-2024 لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە راگەیێندرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ