رووداو دیجیتاڵ
420 خۆبەخشی خاوەن بڕوانامە و ئەزموون لە نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکانی سۆران کاردەکەن، بڕیارە ئیدارەی سۆران 100 کەسیان دابمەزرێنێت، ئەوانی دیکە بێ مووچە و بە خۆبەخش، بمێننەوە، رووداو چووەتە نەخۆشخانەی ئاشتی، 175 کارمەندیان خۆبەخشن، ئەوانەن کە لە سەردەمی کۆرۆنادا شەڕی ڤایرۆسەکەیان کرد و تووشبووەکانیان لە مردن رزگارکرد.
کارمەندانی خۆبەخش لە نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکانی سۆران، هاوشێوەی کارمەندانی دامەزراو پابەندی دەوامکردن و خزمەتکردنی نەخۆشانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانن.
زیاتر لە 150 خۆبەخش لە بەشە جیاوازەکانی نەخۆشخانەی ئاشتی لە سۆران خزمەت دەکەن، هەیانە حەوت ساڵە بەردەوامە، بە ئومێدی ئەوەی بەشێوەی گریبەست یان هەمیشەیی دابمەزرێت.
سائیب عوسمان، کارمەندی خۆبەخشە لە نەخۆشخانەکە و دەڵێ، "هەفتەی لە سێ رۆژ کەمتر دەوامم نەکردووە، هەر بەردەوامیشم تائێستا. زۆربەی تەمەنی خۆم لەسەر ئەو خۆبەخشایەتییە داناوە و چاوەڕوانی ئەوەم حکومەتی هەرێمی کوردستان شتێکمان بۆ بکات و، بمانکەن بە گرێبەست، بەڕاستی زۆر پێوستین".
لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتی تەندروستی سۆران، حەوت نەخۆشخانەی گشتی و 100 بنکەی تەندروستی هەن؛ بەشی زۆری کارمەندانی خۆبەخش لە نەخۆشخانەی ئاشتی دەوام دەکەن. لەپاڵ دەوامکردنیان و خزمەتکردنی نەخۆش، بوونەتە هۆی کارئاسانی و کەمکردنەوەی دەوامی فەرمانبەرە دامەزراوەکانی کەرتی تەندروستیی سنوورکە.
علی عەزیز، هاونیشمانییە و پەسنی کاری خۆبەخشەکانی تەندروستی دەدات، دەڵێ "جاری وا هەیە، هەر دێینە نەخۆشخانە، دەبینین خۆبەخش دێن و یارمەتیمان دەدەن. پێویستت بە عەرەبانە هەبێت، دەیهێنن. لە ژوورەوە هاوکارمانن و زوو پێویستمان بە کانیۆلا بێت، بۆمان دادەنێن و بە هەموو جۆرێک لە خزمەتماندان".
420 خۆبەخشی سنووری سۆران زانیاریان لێ وەرگیراوە و ئیدارەی شارەکە کار بۆ ئەوە دەکات، لەو ژمارەیە بەشێکیان بەشێوەی گرێبەست دابمەزرێنێت.
دکتۆر کاروان جەمال، بەڕێوەبەری تەندروستیی سۆران باسی ئەوە دەکات "ناڵێم زانیاری سەتا سەتە، بەڵام رەزامەندی دراوە کە نزیکەی 100 کارمەند بە گرێبەست دابمەزرێن، ئەوەی ئێمە ئاگاداربین؛ بەڵێنی ئەوەش دراوە، لەو دامەزراندنە ئەوانەی خۆبەخشن و بەتایبەت ئەوانەی ماوەیەکی زۆرە خۆبەخشن، تایبەتمەندییان پێ بدرێت".
نزیکەی سێ هەزار فەرمانبەری دامەزراو لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستی سۆران لە بەڕێوەبەرایەتی و نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکانی سنوورەکە دەوام دەکەن، نیوەی ئەو ژمارەیە، هەڵگری بڕوانامەی دیپلۆم و بەکالۆریۆسن لە بەشی تەندروستی و، ئەوانی دیکەش فەرمانبەرن لە بەشە جیاوازەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ