رووداو دیجیتاڵ
کوڕە گەنجێکی کوردی باکووری کوردستان و کچێکی پۆڵەندی لە هۆتێلێکی ئەنتاڵیای تورکیا یەکدەناسن و ژیانی هاوژینی پێکدێنن.
بەکر چەتین خەڵکی شرنەخی باکووری کوردستانە و ئۆلیڤیا ماتیسایکا کچێکی خەڵکی پۆڵەندایە؛ دوای ساڵێک لە یەکترناسینیان، بڕیاریاندا هاوسەرگیری بکەن.
زەماوەندی دوو گەنجەکە لە گوندی نێروەهی ناوچەی قلەبانی شرنەخ بەڕێوەچوو.
میوانانی زەماوەندەکە دوو رۆژ و دوو شەو بە خۆشیی بووک و زاوا شاییان کرد و ئاهەنگیان گێڕا.
دیمەنەکان لەلایەن 'ستۆدیۆی دیلان'ـەوە بە تایبەت بۆ رووداو نێردراون؛ تێیدا دەردەکەوێت، کوڕان و کچان، گەنج و پیر بە خۆشی بەیەکگەیشتنی دوو گەنجەکە هەڵپەڕکێ دەکەن.
کامیل چەتین، مامی زاوایە مایکێکی بەدەستەوە گرت و بە میوانانی گوت: "میوانە بەڕێزەکان هەمووتان بەخێرهاتن. سەر سەر و سەرچاوانمان. نوخشە بێت لە منداڵانی هەمووتان. ئەمە دڵخۆشیی هەموومانە، نەک تەنیا ماڵێک. سوپاسی هەمووتان دەکەین [کە بەشداریتان لە زەماوەندەکەماندا کرد.]"
بەکر چەتین، تەمەنی 22 ساڵە و ئۆلیڤیا ماتیسایکا تەمەنی 20 ساڵە. لە زەماوەندەکەیاندا 600 هەزار لیرە (18,545 دۆلار) وەکو دیاری پێشکێشی بووک و زاوا کران.
دیارییەکان، هاوکات، خشڵیشیان لەگەڵ بوو؛ ملوانکەیەکی زێڕ، چوار بازنە و گوارە و چەند پارچە زێڕێکی دیکەش پێشکێشی بووکە پۆڵەندییەکە کران.
ئازاد چەتین، دانیشتووانێکی گوندی نێروهـ دیارییەکانی دەژمارد: "پووری زاوا 240 هەزار لیرە و سێ پارچە زێڕ. ماڵتان ئاوا بێت. نوخشە لە منداڵەکانی ئێوەش بێت و خودا ئەم دڵخۆشییە بە هەمووتان ببەخشێت."
گەنجە کورد و پۆڵەندییەکە بڕیاریانداوە لەدوای هاوسەرگیریکردنیان بچنە پۆڵەندا و لەوێ بژین.
بەکر چەتین بە رووداوی گوت کە هاوژینەکەی دەتوانێ هەندێ بە زمانی کوردی قسە بکات. دەشڵێت، لەگەڵ ئەوەی بڕیاریانداوە لە پۆڵەندا بژین، بەڵام بەبەردەوامی کولتوور و نەریتە کوردەوارییەکان فێری هاوژینە ئەورووپییەکەی دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ