رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەڵێت، ئەو تەرزەی ئەمڕۆ باری و زیانێکی زۆری مادی گەیاند، پێنج کەسیشی بریندارکرد.
رۆژی شەممە (5ـی نیسانی 2025) هەژار حەکیم، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو پێنج کەسەی بریندار بوون، هەر پێنجیان سەریان شکاوە و گەیێندراونەتە نەخۆشخانەی رواندز، "سێیان سەریان دووراوەتەوە."
سەبارەت بە زیانەکانی دیکەی تەرزەکە، وەکو هەژار حەکیم دەڵێ؛ جامی ئۆتۆمبێلی ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیی شکاون، زیانی زۆر بە شووشەی خانووەکان گەیشتووە، کۆمەڵێک باڵندە مردار بوون، زیانی کشتوکاڵیشی هەبووە، بەتایبەتی بۆ داری قەیسی و هەڵووژە.
هاوکات، محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە رووداوی گوت، لە زۆربەی ناوچەکان تەرزە باریوە، بەڵام لە سۆران بۆ یەکەمجار بە شێوەی تۆپەڵی گەورە باری، کە زیانی زۆری گەیاندووە، ئەم شەپۆلی تەرزە و بارانە تاوەکو نزیک کاژێر 12:00ـی ئەمشەو بەردەوام دەبێت و دواتر کەشوهەوا سەقامگیر دەبێتەوە.
محەممەد کەمال دەڵێت، "سبەی کەشوهەوا ئاسایی دەبێتەوە و ئاسمان پەڵە هەور دەبێت، پلەی گەرما 5 بۆ 6 پلە بەرزدەبێتەوە و کەشوهەوا کەمێک گەرم دەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ