رووداو-راپەڕین
(ئا) چەند جارێك چووە داخوازیی كچەكەی محەممەد بۆ ئەوەی ببێتە بووكی، بەڵام محەممەد رازی نەبوو كچەكەی بداتە كوڕی (ئا). دواجار محەممەد لەسەر ئەو هەڵوێستەی كوژرا و كوڕەكەشی بریندار بوو.
رۆژی 23/2/2019 لە كۆمەڵگەی شكارتەی سەر بە قەزای راپەڕین، پیاوێك بەناوی محەممەد ئیسماعیل مەحموود، باوكی 10 منداڵ، لە نزیك ماڵەكەی خۆی لەلایەن دوو كەسەوە تەقەی لێكرا و كوژرا، شۆڕشی كوڕیشی هەر لەوێدا بریندار بوو.
رائید شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە (رووداو)ی گوت: "دوای ئەوەی لە رووداوەكە ئاگادار كراینەوە، هێزەكانی بنكەی پۆلیسی سنوورەكە گەیشتنە شوێنی رووداوەكە، بەڵام لەبەرئەوەی تەقەكەرەكان بۆ شوێنێكی نادیار رایانكرد، كەسیان دەستگیر نەكران".
پۆلیس دۆسیەی بۆ رووداوەكە كردووەتەوە، بە گوێرەی لێكۆڵینەوە بەراییەكان، تەقەكەرەكان دوو بران و تەقەیان لە ئامۆزایەكی خۆیان و كوڕەكەی كردووە، بەو هۆیەوە ئامۆزاكەیان كوشتووە و كوڕەكەشیان بریندار كردووە. دادوەر بەپێی ماددە 406 لە یاسای سزادانی عێراقی بڕیاری دەستگیركردنی بۆ دوو تۆمەتبارەكە دەركردووە.
سەبارەت بە هۆكاری كێشەی نێوانیان، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین دەڵێت: "ئەو دوو خێزانە كێشەیەكی كۆنی كۆمەڵایەتی لە نێوانیاندا هەبووە، دیارە كێشەكە هەروا بە چارەسەرنەكراوی ماوەتەوە و لەو ماوەیە دووبارە سەریهەڵداوەتەوە، ئەمجارەیان خوێنی تێدا رژاوە".
مەحموود ئیسماعیل كە براگەورەی محەممەدە، باسی كێشەی براكەی لەگەڵ ئامۆزاكانی كرد گوتی: "ئەو ئامۆزایەمان كە تەقەی لە محەممەد و شۆڕش كردووە، چەند جارێك چووە خوازبێنی كچێكی محەممەد، بەڵام محەممەد و كوڕەكەی رازی نەدەبوون كچەكە بدەنە كوڕی ئەوان".
بە گوتەی مەحموود، ئامۆزاكەیان سێ جار چوو بوو بۆ خوازبێنی كچەكەی محەممەد، بەڵام هەر سێ جارەكە دەستیان بەڕوویەوە نابوو. خۆیشی لەسەر داوای ئامۆزاكانی، دووجار تەكلیفی لە محەممەد كردبوو، بەڵام محەممەد داواكاری ئەویشی رەتكردبووەوە.
مەحموود دەڵێت، بەڵێنیان لە ئامۆزاكەی وەرگرتبوو كە چیدی داوای ئەو كچە نەكات، بەڵام لەو ماوەیەدا جارێكی دیكە داوای كردووەتەوە، بەو هۆیەوە شەڕە قسە لە نێوانیان دروستبووە.
مەحموود باسی رۆژی رووداوەكە دەكات و دەڵێت: "وادیارە پێشتر بە تەلەفۆن قسەیان بە یەكدی گوتووە، دواتر (ئا) و (ر)ی كوڕی بە كلاشینكۆف و دەمانچە هەڵیانكوتاوەتە سەر محەممەد و شۆڕش، محەممەد كوژرا و شۆڕشیش بریندار بوو".
سەبارەت بە هەڵوێستی خێزانەكەیان بەرامبەر بە تۆمەتبارەكان، مەحموود گوتی: "ئەوانەی تاوانەكەیان كردووە، ئامۆزامانن، دڵنیام كەسوكاری ئەوانیش وەكو ئێمە نیگەرانن، ئەوان خوێنی ئێمەن و بەشدارییان لە پرسەكەشدا كرد، بۆیە تەنیا سكاڵامان لەسەر تەقەكەرەكان هەیە".
گوتیشی: "دوای تەواوبوونی پرسە، هەردوولا كۆدەبینەوە، بۆ ئەوەی بڕیارێك لەبارەی كێشەكە بدەین".
مام جەلال بێناتانی ئەنجوومەنی گوندی بێناتان كە سەر بە كۆمەڵگەی شكارتەیە لە سنووری خۆشناوەتی، دەڵێت ئەو ئامۆزای هەردوولایە، نەیزانیوە هیچ كێشەیەك لە نێوانیاندا هەبووبێ، تەنیا ئەوە نەبێ كە (ئا) چەند جارێك چووەتە خوازبێنی كچەكەی محەممەد بۆ كوڕەكەی، بەڵام ئەوان رازی نەبوون كچەكەیان بدەنێ.
ئەو دەڵێت لەگەڵ "ریشسپی" و "پیاوماقوڵان"ی ناوچەكە هەوڵ دەدەن كێشەكە لەوە گەورەتر نەبێ و خوێنی كەسی دیكە نەڕژێ، دوای تەواوبوونی پرسەی محەممەد، سوڵح لە نێوانیان دەكەن. سزای تەقەكەرەكانیش هەر كاتێك دەستگیركران بۆ دادگا بەجێدێڵن.



