رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی زانکۆی پزیشکیی نۆرس وێستێرن لە ئەمریکا، تەکنیکێکی وەرگرتنی نموونەی شلەیان دەرخستووە کە دەتوانێت لە رێگەی پشکنینێکی خوێنەوە قەبارەی گرێی شێرپەنجەیی بپێوێت و تایبەتمەندییە گەردیلەییەکانی شێرپەنجەی سیی خانە بچووک (SCLC) ئاشکرا بکات، ئەمەش دەکرێت ببێتە هۆی پێشکەوتن لە چاودێری و چارەسەری نەخۆشییەکەدا.
دکتۆر ئانیش تۆماس، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە زانکۆی نۆرس وێستێرن رایگەیاند، ئەم رێگە نوێیە لە داهاتوودا یارمەتیی پزیشکان دەدات بۆ ئەوەی لە رێگەی پشکنینێکی سادەی خوێنەوە چاودێریی گۆڕانکارییەکانی نەخۆشییەکە بکەن لە کاتی وەرگرتنی چارەسەردا.
بەگوێرەی توێژینەوەکە کە لە گۆڤاری پشکنینی کلینیکی (Clinical Investigation) بڵاوکراوەتەوە، شێرپەنجەی سیی خانە بچووک نزیکەی 15٪ی هەموو حاڵەتەکانی شێرپەنجەی سییەکان پێکدەهێنێت و بە گەشەی خێرا و بڵاوبوونەوەی زوو ناسراوە.
تەکنیکە نوێیەکە، کە بە (cfChIP-seq) ناسراوە، شیکاری بۆ ئەو پارچە DNA و پرۆتینانە دەکات کە لەلایەن خانە شێرپەنجەییە مردووەکانەوە دەخرێنە نێو خوێنەوە. ئەمەش وادەکات توێژەران بتوانن دیاری بکەن کام جین لەنێو خانە شێرپەنجەییەکاندا چالاکن، بەبێ ئەوەی پێویستی بە دووبارە وەرگرتنی نموونە هەبێت کە کارێکی قورسە.
توێژەران بۆیان دەرکەوت کە ئەنجامی پشکنینی خوێنەکە پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ قەبارەی راستەقینەی گرێی شێرپەنجەییەکەدا هەیە. ئەمەش دەتوانێت یارمەتیی پزیشکان بدات بۆ چاودێریکردنی وەڵامدانەوەی چارەسەر و دەستنیشانکردنی ئەو نەخۆشانەی کە ئەگەری زۆرە سوود لە چارەسەرە نوێیەکان وەربگرن.



.jpeg&w=3840&q=75)