رووداو - تەندروستی
توێژەرێک لە هەرێمی کوردستان ئامێرێکی بە ناوی (You Do) بۆ شیاندنەوەی دەمارەماسوولکەیی تووشبووانی جەڵتەی مێشک داهێناوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 01-11-2026 د. جووتیار سابیر، پسپۆڕ له بایۆمیكانكی چارەسەری لەنێو بووڵتەنی تەندروستیدا گوتی، ئەم ئامێرە یارمەتیی نەخۆش دەدات راهێنانی پێوانەکراو ئەنجام بدات لەڕێگەی کۆنتڕۆڵکردنی وردی جووڵەی جومگەکان، خێرایی و ژمارەی دووبارەبوونەوەکان، بە جۆرێک کە لەگەڵ توانای خودی نەخۆشەکەدا بگونجێت.
بەپێی ئەنجامەکان کە د. جووتیار سابیر دەریخستووە، بەکارهێنانی ئامێرەکە گۆشەی جووڵەی جومگەکان باشتر دەکات، رێکخستنی دەماریی زیاد دەکات و رێگری لە جووڵەی هەڵە لە کاتی راهێناندا دەکات.
بۆچی شیاندنەوە و جووڵە بۆ ئەم نەخۆشانە گرنگە؛
بەگوێرەی دامەزراوەی جەڵتەی مێشک لە بەریتانیا، دوای روودانی جەڵتەی مێشک، پەیوەندیی نێوان مێشک و ماسوولکەکان لاواز دەبێت یان دەپچڕێت. گرنگیی شیاندنەوە لەوەدایە کە مێشک تایبەتمەندییەکی هەیە بە ناوی (Neuroplasticity)، واتە دەتوانێت رێڕەوی دەماری نوێ دروست بکاتەوە و خانە ساخەکان ئەرکی خانە زیانلێکەوتووەکان لە ئەستۆ بگرن. ئەم پرۆسەیە پێویستی بە راهێنانی ورد و بەردەوام هەیە بۆ هاندانی مێشک.


