1,000 کارمەندی خۆبەخشی تەندروستی لە سنووری راپەڕین بایکۆتی دەوامیان کردووە

دوێنێ کاژێر 06:58
عەدنان رەشید
خۆبەخشەکان نزیکەی مانگێکە بایکۆتی کارەکانیان کردووە.
خۆبەخشەکان نزیکەی مانگێکە بایکۆتی کارەکانیان کردووە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە سنووری ئیدارەی راپەڕین زیاتر لە هەزار خۆبەخش کە بەسەر 170 بنکە و ناوەندی تەندروستیی دابەش بوون؛ نزیکەی مانگێکە بایکۆتی کارەکانیان کردووە و داوای دامەزراندن دەکەن. تەندروستیی راپەڕین دەڵێت، ناوی سەرجەم خۆبەخشانیان رەوانەی وەزارەت کردووە و دامەزراندن لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە.
 
بەشێکی خۆبەخشان زیاتر لە هەشت ساڵ خزمەتی کاریان هەیە و بەشێکی دیکەشیان کەمتر لە ساڵێک. هادی حەمە ئەمین، کە خزمەتی هەشت ساڵی هەیە و خۆی و هاوژینەکەی خۆبەخشن لە نەخۆشخانەی منداڵانی قەڵادزێ، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو گوتی: "لەگەڵ کاری خۆبەخشییەکەم بە پارەیەکی کەم لە نۆرینگەیەک کار دەکەین، بژێویمان خراپە و بەهۆی دانەمەزراندنەوە ناتوانین منداڵ بخەینەوە، لە خانووی کرێ دەژیم. ئەو نەخۆشخانەیە نزیکەی 100 کارمەندی خۆبەخشی هەن و هەموویان بایکۆتیان کردووە".
 
زیاتر لە 30 دەرچووی پزیشکی کە وەک خۆبەخش لە نەخۆشخانەی منداڵانی رانیە کاریان دەکرد، ئێستا بایکۆتی کاریان کردووە، بەم هۆیەشەوە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکە داخراوە.
 
محەممەد سابیر، جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان و منداڵبوونی رانیە بە رووداوی گوت: "چوار ساڵە زۆربەی بەشەکانی نەخۆشخانەکە خۆبەخش کارەکانی دەکات، بەتایبەت فریاکەوتن و تاقیگە و بەشی منداڵان، ئێستا کە مانیان گرتووە کاریگەری لەسەر هەموو بەشەکانی نەخۆشخانە هەیە".
 
 
عوسمان حەمەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی راپەڕین بە رووداوی گوت: "دووجار نووسراومان بۆ وەزارەتی تەندروستی کردووە و ناوی سەرجەم خۆبەخشانمان بۆ رەوانە کردوون، دامەزراندن لە دەسەڵاتی وەزارەتە".
 
بە گوتەی عوسمان حەمەد، بۆشایی نەبوونی کارمەند لەنێو بنکە و نەخۆشخانەکانی سنووری ئیدارەی راپەڕین هەن، "پێویستمان بە دامەزراندنی 600 کارمەندە، بایکۆتی خۆبەخشان کاری چەند بەشێکی لە نەخۆشخانەی منداڵانی قەڵادزێ و سەنتەری نەخۆشییەکانی مەمک پەکخستوون".
 
کارکردنی خۆبەخشانی تەندروستی لە ناوەندە تەندروستییەکان بە فەرمانی فەرمیی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەستبەکار دەبن. داواکاریی خۆبەخشان سێ خاڵە کە یەکێک لەوان، راگرتنی وەرگرتنی خۆبەخشە لە ناوەندە تەندروستییەکان.
 
ئەحمەد حەسەن، نوێنەرێکی خۆبەخشان لە تەندروستیی راپەڕین، لە بەرپرسیار خاڵی دووەم و سێیەمی داواکاریی خۆبەخشانی خستەڕوو، "دەمانەوێ خۆبەخشان دابمەزرێن و شکۆی کاری خۆبەخش لە ناوەندە تەندروستییەکان بەرزبکرێتەوە".
 
لە سەنتەری نەخۆشییەکانی مەمک لە رانیە لەکۆی 27 کارمەند 18یان خۆبەخشن. کاروان محەممەد، بەڕێوەبەری سەنتەرەکە، بە رووداوی گوت: "بەهۆی بایکۆتی خۆبەخشانەوە بەشی تاقیگەمان داخراوە، نەخۆش رەوانەی نەخۆشخانەکانی دیکە یان دەرەوە دەکەین. پێویستیی زۆرمان بە دامەزراندن هەیە، سەنتەرەکەمان تەنیا نۆ کارمەندی میلاکی هەیە".
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو کە لە سەرچاوەیەک وەریگرتوون و نەیویست ناو و ناونیشانی کارەکەی بڵاوبکرێتەوە، "دامەزراندن لە ئێستادا لە پلانی وەزارەت نییە و ناوی زیاتر لە 10 هەزار و 600 خۆبەخش لە هەموو هەرێمی کوردستان لە وەزارەتی تەندروستییە و هەرکاتێک وەزارەت پێویستی پێیان بێت بە میکانیزمێکی تایبەت داواکاریی دامەزراندنیان دەکاتەوە".
 
بەپێی ئەو سەرچاوەیە، "نزیکەی ساڵێکە" داواکاریی کاری خۆبەخشی لە کەرتی تەندروستی راگیراوە و رەزامەندی بە هیچ کەسێک نادرێ بۆ کاری خۆبەخشی.
 
تەها محەممەد، گوتەبێژی تەندروستیی راپەڕین بە رووداوی گوت: "خۆبەخشان توانیویانە زۆربەی ناوەندە تەندروستییەکان پڕبکەنەوە، بەتایبەت ئەوانەی کێشەی کەمی کارمەندی میلاکیان هەیە، ئێمە لە تەندروستیی راپەڕین لەگەڵ داواکارییەکەیانین و هیوادارین دابمەزرێن".
 
ئەحمەد حەسەن گوتی: "لە 20 رۆژدا دووجار گردبوونەوەمان کردووە. بایکۆتی خۆبەخشانی راپەڕین بۆ هەموو هەرێمی کوردستانە، هەموو بەرپرسان خۆیان دەدزنەوە لە خۆبەخش. بڕیارمانداوە دەوام نەکەین و بایکۆت بەردەوام دەبێ تاوەکو گوێ لە داواکارییەکانمان دەگیرێت".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە