بەشێكی باخچە و پارکە گشتییەکانی سۆران شێوێندراون

05-07-2024
ئەندام جەبار
باخچە و پارکە گشتییەکان لە سۆران شێوێندراون.
باخچە و پارکە گشتییەکان لە سۆران شێوێندراون.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەو باخچە و پارکانەی سۆران کە پارەی زۆر لە دروست کردنیان خەرج کراوە، ئیستا هیچیان بەسەر هیچەوە نەماوە. دیوارەکان روخاون، دارەکان شکێندراون، کورسی و کەپرەکانیش هێندەی توانراوە تێک دراون و بەشێکیشیان دزراون. 
 
شەوکەت محەممەد ئەمین 22 ساڵە خزمەتی باخچە و پارکەکانی سۆران دەکات. تا لایەک چاک دەکات، دوو لای دیکە خراپ دەکرێن. 
 
شەوکەت محەممەد ئەمین دەڵێت: "پێویستە ئەو پارکانە شەو پاسەوانیان هەبێت، یەک کارتی مۆبایل بەکاردێنم تاکو تانکەرە ئاوێک دەهێنن، پێویست ناکات ئاوی پارکەکان لەگەڵ ئاوی ماڵان بێت. کاژێرێک بێت و 10 کاژێر نەیەت." 
 
مێژووی دروستکردنی ئەو پارکانە دەگەڕێتەوە ساڵانی 2002 بۆ 2010. حەوت پارک و باخچەن، هەریەکێکیان.  سەروی 100 ملیۆن دینار لە دروستکردنیان خەرج کراوە. 
 
ماڵی دووەمی بەساڵاچووانی ئەو شارەن و داوا دەکەن پارێزگاری لە مانەوەیان بکرێت. 
 
نەجیم محەممەد، دانیشتوویەکی سۆرانە و دەڵێت: "هەروەک چۆن ماڵی خۆمان دەپارێزین، دەبێت ئەوها ئێرەش بپارێزین، ئەوە بە خوێنی ئێمە دروست کراوە. خۆ لە خۆیەوە دروست نەبووە، خەڵک ستەم دەکات کە ئاوا کورسی و دارەکان دەشکێنن. دواجار هەمووی لە زیانی ئێمەیە." 
 
حکومەت لیژنەی بەدواداچوونی بۆ شێوان و تێکچوونی پارکەکانی سۆران پێکهێناوە. 
 
لەپاڵ دروستکردنی چەند پارکێکی نوێ لەو شارە، دەیانەوێت بە سزادانی سەرپێچیکاران و  چاودێریکردنی وردتر جوانی و سەوزایی بۆ پارکە کۆنەکانیش بگەڕێننەوە. 
 
رەجەب زوبێر، قایمقامی سۆران دەڵێت: "دەرخستەی تایبەتمان ئامادە کردووە بۆ ئەو پارکانەی چەند ساڵێکە دروستکراون و ئێستا بەهۆی کەمتەرخەمی و هۆکاری دیکەوە تێکچوونە. رەزامەندیش دراوە لە ئیدارە کە ئەوانە نۆژەنبکرێنەوە، دەمانەوێت چاودێریەکی وردتریش بۆ پارکەکان بکەین." 
 
بەگوێرەی هەڵسەنگاندنی شارەوانیی سۆران، ئیستا رێژەی سەوزایی لەو شارە 3٪ـیە. لەکاتێکدا بە گوێرەی ماستەرپلان و ستانداردە ژینگەییەکان دەبێت 23٪ کەمتر نەبێت. 
 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە