ئێران لەبارەی کێشەی ئاوی پشدەر و قەلادزێ روونکردنەوە دەدات

04-06-2018
دەرباز ساڵح
  کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و کونسوڵی ئێران لە سلێمانی
کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و کونسوڵی ئێران لە سلێمانی
نیشانەکردن ئێران
A+ A-

رووداو - سلێمانی

کونسوڵی ئێران لەبارەی دروستبوونی گرفتی ئاو لە پشدەر و قەڵادزێ روونکردنەوە دەدات و رایدەگەیێنێ، ئاوی رووباری زێی بچووک نەگیراوەتەوە و پشكی هەرێمی کوردستانیش لە ئاوی خواردنەوە پارێزراو دەبێت. سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیش دەڵێت، کونسوڵ بەڵێنی داوە گرفتی ئاو دروست نەبێت.

رۆژی دووشەممە 4ی حوزەیرانی 2018، شاندێكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لەگەڵ كونسوڵی ئێران لە سلێمانی كۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەشدا پرسی گرتنەوەی ئاوی زێی بچووكیان لەلایەن كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە تاوتوێكرد.

سەعدوڵڵا مەسعودیان، كونسوڵی ئێران لە سلێمانی، دوای کۆبوونەوەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا رایگەیاند: "نیگەرانییەکانی دەڤەری پشدەر و قەڵادزێمان پێگەیشت، لیژنەیەکی هاوبەشی ئێمە و پارێزگای سلێمانی رەوانەی ناوچەکە دەکەین".

کونسوڵی ئێران راشیگەیاند: "ئاوی رووباری زێی بچووک نەگیراوەتەوە و پشكی هەرێمی کوردستان لە ئاوی خواردنەوە پارێزراوە". داواشی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد داواکاریی ئاراستەی بەغدا بکات بۆ چۆنییەتی بەکارهێنانی رووبارەکان.

هاوکات ئازاد محەممەد ئەمین، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند: "كونسوڵی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری سلێمانی بەڵێنی داوە گرفتی ئاوی خواردنەوە لە سنووری قەزای پشدەر دروست نەبێت".

سەرچاوەی سەرەكی ئاوی قەزای قەڵادزێ‌، پڕۆژەی ئاوی خاس ‌و هەڵشۆن. پڕۆژەی ئاوی خاس نزیكەی 85% ‌و پڕۆژەی هەڵشۆش نزیكەی 15%ی ئاوی خواردنەوەی قەڵادزێ‌ دابیندەكەن. 

رۆژی شەممە 2ی حوزەیرانی 2018، کۆماری ئیسلامی ئێران هاوشێوەی ساڵی رابردوو بەشی زۆری ئاوی زێی بچووکی گرتەوە، بەوهۆیەوە پڕۆژەی ئاوی خاس لەكاركەوت و زیانێکی زۆریش بەر سامانی ماسی زێی بچووک کەوت، دوێنێش جارێكی دیكە دوای گلدانەوەی ئاوەكە ‌و دروستكردنی بەربەست لەبەردەمی، پڕۆژەكە كەوتووەتەوەكار.

كۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر زێی بچووك لە شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان بەنداوێكی دروستكردووە‌، ساڵانەش کاتێک بۆ پڕکردنی بەنداوەکە بەشێکی ئاوی زێی بچووک دەگرێتەوە، گرفتی کەمئاوی لە قەڵادزێ و دەوروبەری دروستدەبێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە